بە بەڵگەوە؛ پوتین داوای لە هەواڵگری و سیخوڕەکانی رووسیا کردووە هاوکاری ترەمپ بکەن

15-07-2021
سۆران عومەر
نیشانەکردن رووسیا ترەمپ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک، کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا ناسراو بە 'کرملن' دزەی پێکراوە، باس لەوە دەکرێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە 2016، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا دەسەڵاتی بە ئاژانسەکانی هەواڵگری و سیخوڕەکانی رووسیا داوە دەستوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمریکا بکەن و پشتیوانی دۆناڵد ترەمپ بکەن.
 
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە پوتین لە 22ی حوزەیرانی 2016، واتە 10 مانگ و 10 رۆژ پێش هەڵبژاردنەکە کۆبوونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی رووسیا کردووە، چەند بەرپرسێکی هەواڵگریی رووسی بەشدارییان تێدا کردووە و لەوێ باسی ئەوەیان کردووە دەبێت هاوکاری ترمپ بکەن بچێتە کۆشکی سپی.
 
هەر لەو کۆبوونەوەدا بەگوێرەی زانیارییەکانی گاردیان لەو بەڵگەنامانەی دەستی کەوتوون، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە سێ ئاژانسی جیاوازی سیخووڕی و هەواڵگرییان تەرخانکردووە بۆ ئەوەی رێگای پراکتیکی و گونجاو بدۆزنەوە بۆ هاوکاریکردنی ترەمپ. تەنانەت باس لەوەش کراوە پێویستە رووسیا هەموو هێزی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتنی ترەمپ. 
 
ئەو هەوڵانەی رووسیاش لەکاتێکدا بوو کە ترەمپ تاوەکو ئەوکاتە وەک بەهێزترین بەربژێری کۆمارییەکان دەرکەتبوو بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری کۆتایی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکەدا. 
 
گاردیان دەڵێت ئەو دۆکیۆمێنتانەی دەستیکەوتوون بۆ دڵنیابوونەوە لە راستی و دروستیان، نیشانی چەند پسپۆڕێکی تایبەت دراون، پسپۆڕەکان گوتوویانە ئەو بەڵگەنامانە دروستن و ساختە نین.
 
سەبارەت بەو راپۆرتانە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کریملن بەو رۆژنامەیەی گوتوە ئەو بابەتانەی باس لە هەوڵی رووسیا دەکەن بۆ سەرخستنی ترەمپ ئەفسانەیەکی بەتاڵە.
 
ئەو دۆکیۆمێنتەی دەست ئەو رۆژنامە بەریتانییە کەوتووە ناوی راپۆرتی ژمارە (32-O4)ە و وەک راپۆرتیکی نهێنی پۆلێن کراوە، بەڵام دزەی پێکراوە و دەست رۆژنامەکە کەوتووە.
 
لەو راپۆرتەدا ئەوەش هاتووە رووسیا پێیوایە دۆناڵد ترەمپ لە روانگەی رووسیاوە باشترین بەربژێرە. نووسراویشە ترەمپ لەرووی هزرییەوە جێگر نییە و کەسایەتییەکی ناهاوسەنگی هەیە.
 
رۆژنامەکە وێنەیەکیشی لەگەڵ هەواڵەکە بڵاوکردووەتەوە، کە وێنەی کۆبوونەوەیەکی کریملنە و لە هەمان ئەو رۆژەدا گیراوە کە گاردیان دەڵێت پوتین لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی رووسیا کۆبووەتەوە.
 
لە وێنەکەدا دەردەکەوێت پوتین لە سەرەوەی مێزەکە دانیشتووە و لە دەستی راستی دیمیتری مەدڤیدێڤ سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی رووسیا دانیشتووە،  سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەش بەشدارە، کە لای راست لە ناوەڕاستەوە دانیشتووە.
 
هەر لە دانیشتنەکەدا سێرگی شۆیگی،  وەزیری بەرگری و  میخایل فرادکۆڤ، بەرپرسی هەواڵگریی دەرەکیی رووسیا، ئەلێکساندەر بۆرتینکۆڤ، بەرپرسی ئاژانسی زانیاریی FSB ی رووسی و نیکۆلا پاتروشێڤ، بەڕێوەبەری پێشووی هەمان ئاژانس دانیشتوون. 
 
بەڵام ئەو وێنەیە کاتێک لە 22ی کانوونی دووەمی 2016 لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتیی رووسیا، لەگەڵ راگەیێندراوێکدا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە پوتین لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش رووسیا کۆبووەتەوە و بابەتی کۆبوونەوەکەش ئەجێندای ئابووریی ناوخۆیی رووسیا بووە. لەپاڵ ئەو پرسەشدا گفتوگۆی لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆیی مۆڵدۆڤا کراوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە