دادگەی باڵای ئیتاڵیا مەلا کرێکار بە 12 ساڵ زیندانیکردن حوکم دەدات

15-07-2022
سه‌نگه‌ر ستار
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرەتای ئەم هەفتەیە دادگەی باڵای ئیتاڵیا بڕیاری لەسەر دۆسیەی مەلا کرێکار و دوو هاوڕێی دیکەی زیندانیکراوی لەو وڵاتە دا. 
 
مەلا کرێکار بە 12 ساڵ زیندان و دوو هاوڕێکانی یەکێکیان بە 9 ساڵ و یەکێکی دیکەشیان بە 7 ساڵ و 6 مانگ حوکمدراون. لە نێوەڕاستی مانگی 5ـی ئەمساڵ خالید رەنجدەر، برای مەلا کرێکار بە رووداوی راگەیاندبوو کە بە زارەکی و لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە دەزانن کە دادگەکە ئەو بڕیارە دەدات، بەڵام تاوەکو ئەم هەفتەیە بە فەرمیی حوکمەکە رانەگەیێندرابوو. 
 
نەجمەدین فەرەج ئەحمەد کە بە مەلا کرێکار ناسراوە لەگەڵ دوو هاوڕێکەی بەوە تۆمەتبار کرابوون کە سەرکردایەتیی رێکخستنێکی تووندئاژۆیان کردووە بەناوی "رەوتی شاخ." 
 
مەلا کرێکار لە نەرویج دەژی و پێشتر لەوێ زیندانی کرابوو، بەڵام دواتر لەسەر داوای ئیتاڵیا رادەستی ئەو وڵاتە کرا. پۆلیسی ئیتاڵیا دەڵێ، بەلایەنی کەمەوە 15 گومانلێکراو لە شەش وڵاتی ئەوروپی دەستگیرکراون کە پلانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی چەکداری لە ئەوروپا داناوە. 
 
یەکێک لەو کەسانەی دەستگیرکراون بەگوتەی پۆلیسی ئیتاڵیا، مەلا کرێکار بووە. بۆیە ساڵی 2019 دادگەیەک لە شاری بۆلزانۆی ئیتاڵیا حوکمی 12 ساڵ زیندانی بۆ مەلا کرێکار دەرکرد. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە