بەرپرسێکی باڵای ئەڵمانیا بۆ رووداو: لە سووریا نابێت فیدراڵیزم لەگەڵ جوداخوازی تێکەڵ بکرێت

15-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
گەنسەر کریکباوم، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەورووپا لە حکومەتی ئەڵمانیا. وێنە: رووداو
گەنسەر کریکباوم، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەورووپا لە حکومەتی ئەڵمانیا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەورووپا لە حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، دەبێت خەڵکی سووریا خۆی بڕیار لەسەر شێوازی رێکخستنەوەی وڵاتەکەی بدات، هۆشدارییش دەدات لە تێکەڵکردنی چەمکەکانی "فیدراڵیزم" و "جوداخوازی". هاوکات کۆکردنەوەی پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا بە "ئاڵنگارییەکی گەورە" و مەرجی سەرەکیی سەقامگیریی داهاتوو ناودەبات.
 
رۆژی سێشەممە 15ی تەممووزی 2025 گەنسەر کریکباوم، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەورووپا لە حکومەتی ئەڵمانیا، لە برۆکسل وەڵامی پرسیارەکانی ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دایەوە.
 
سەبارەت بەو لێدوانانەی کە باس لە نەگونجانی سیستمی فیدراڵی بۆ سووریا دەکەن، گەنسەر کریکباوم بە رووداوی راگەیاند، "لە بابەتی دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکاندا، هەمیشە دەوڵەت خۆی بڕیار دەدات کە دەیەوێت چۆن خۆی رێکبخات."
 
ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە گوتیشی، "سەبارەت بە وشەی فیدراڵیزم، دەبێت مرۆڤ هەمیشە کەمێک وریابێت کە لەگەڵ جوداخوازی تێکەڵ نەکرێت."
 
کریکباوم جەختی لەسەر ئاڵۆزیی دۆخی سووریا کردەوە و رایگەیاند، "بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەک سووریادا کۆکردنەوەی رەوتە جیاوازەکان، چ رەوتە کۆمەڵایەتییەکان بێ و چ هۆزەکان، ئاڵنگاری گەورەیە."
 
بەرپرسەکەی ئەڵمانیا یەکڕیزیی پێکهاتەکانی سووریای بە کلیلی داهاتووی وڵاتەکە زانی و گوتی، "هەر ئەمەش بە تەنیا ئەرکی گەورەی داهاتوو دەبێت، چونکە تەنیا بەو شێوەیە سەقامگیری و سەقامگیریی داهاتوو بۆ وڵاتەکە مسۆگەر دەبێت."
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی گەنسەر کریکباوم، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەورووپا لە حکومەتی ئەڵمانیا:
 
رووداو: چۆن دەڕواننە ئەو لێدوانانەی باس لە نەگونجانی فیدراڵی بۆ سووریا دەکەن؟ ئایا فیدراڵیی بۆ سووریا نەگونجاوە؟
 
گەنسەر کریکباوم: پێش هەموو شتێک، لە بابەتی دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکاندا، هەمیشە دەوڵەت خۆی بڕیار دەدات کە دەیەوێت چۆن خۆی رێکبخات. سەبارەت بە وشەی فیدراڵیزم، دەبێت مرۆڤ هەمیشە کەمێک وریابێت کە لەگەڵ جوداخوازی تێکەڵ نەکرێت، بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەک سووریادا، کۆکردنەوەی رەوتە جیاوازەکان، چ رەوتە کۆمەڵایەتییەکان و چ هۆزەکان، ئاڵنگارییەکی گەورەیە. هەر ئەمەش بە تەنیا ئەرکی گەورەی داهاتوو دەبێت، چونکە تەنیا بەو شێوەیە سەقامگیری و سەقامگیریی داهاتوو بۆ وڵاتەکە مسۆگەر دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە