رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کرێملین دەڵێت، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەگاتە ئەنکۆرەیج لە ویلایەتی ئەلاسکا و لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە لە فڕۆکەخانە پێشوازیی لێدەکرێت.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) هەروەها دەڵێت، پرسی ئۆکراینا لە سەرووی کارنامەی گفتوگۆکانی هەردوو سەرۆکەوە دەبێت.
لەبارەی بەرنامەی کاری پووتینەوە پێسکۆڤ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پووتین هێشتا لە هەرێمی ماگادانای ئەوپەڕی رۆژهەڵاتی رووسیایە و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمەکە، "گەشتێکی راستەوخۆ و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بە فڕۆکە لە ماگادانەوە بۆ ئەنکۆرەیج دەکرێت، چونکە دەبێت سەرۆک رێک کاژێر 11:00ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ لە فڕۆکەخانە بنیشێتەوە و لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە لای فڕۆکەکە پێشوازیی لێبکرێت."
کاژێر 11:00ی بەیانی بە کاتی ویلایەتی ئەلاسکای ئەمریکا، دەکاتە 10:00ی شەو بە کاتی هەولێر و مۆسکۆ.
پێسکۆڤ لەبارەی تەوەری گفتوگۆکانیشەوە رایگەیاند، "هەرچەندە، بێگومان، پرسەکانی چارەسەری کێشەی ئۆکراینا و لیستی ناکۆکییەکان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانماندا لە پێشەوەی کارەکان دەبن،" بەڵام هاوئاهەنگیی ئابووری "هەموو رەهەندەکانی چارەسەریی کێشەی ئۆکراینا و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، لەو بابەتانەن کە بێگومان سەرۆک هەمیشە بە وردییەکی زۆرەوە دەیانخوێنێتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکات."
کرێملین رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە لە بنکەی سەربازیی ئێلمێندۆرف-ریچاردسن لە شاری ئەنکۆرەیجی ئەلاسکا کاژێر 11:30ی بەیانی بە کاتی نێوخۆ دەستپێدەکات، کە دەکاتە 03:30ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی واشنتن و 10:30ی شەو بە کاتی مۆسکۆ و هەولێر.
سەرەتا کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەنێوان پووتین و ترەمپ دەکرێت، کە تەنیا وەرگێڕەکانیان ئامادە دەبن.
پاشان کۆبوونەوەیەکی فراوانتر بە ئامادەبوونی شاندی هەردوو وڵات کە چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسانی باڵا لەخۆبگرێت، بەڕێوەدەچێت.
لە کۆتایێشدا هەردوو سەرۆک بڕیارە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش بکەن کە دەکەوێتە دوای نیوەڕۆی ئەلاسکا، واتە دوای نیوەشەوی هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ