رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی 15-9-2023، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤی پایتەختی سویسرا کۆنفرانسێک سەبارەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی ژنان لە ئێران بەڕێوەچوو.
لەبارەی وردەکارییەکانی کۆنفرانسەکە، تەیموور ئەلیاسی، سیاسەتڤانی ناسراوی کورد لە سویسرا و لە رێکخەرانی کۆنفرانسەکە میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، کۆنفرانسەکە تایبەت بوو بە دۆخی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
تەیموور ئەلیاسی گوتی، "چەندین چالاکڤان لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداریی کۆنفرانسەکە بوون و لەگەڵیشیدا نوێنەری 20 وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکی بەشداربوون کە لەلایەن لیژنەی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە رێکخرابوو".
لیژنەی دۆزینەوەی راستییەکان لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون. لەوبارەیەوە تەیموور ئەلیاسی کە یەکێک بوو لە رێکخەرانی کۆنفرانسەکە گوتی، "لیژنەکە دەریخست کە تاوانی دژی مرۆیی بەرامبەر خۆپێشاندەران کراوە و داوایانکرد بە سزای خۆیان بگەیێنن".
تەیموور ئەلیاسی دەڵێت، کۆنفرانسەکە لە ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بوو.
کۆنفرانسی تایبەت بە مافی مرۆڤ و دۆخی ژنان ساڵانە سێ جار لەلایەن لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە رێکدەخرێت و هەرجارێک پەیوەست دەکرێت بە ناوچەیەک یان وڵاتێکی دیاریکراو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ