کارمەندانی تەندروستی لە بەریتانیا داوای بەرزکردنەوەی مووچەکانیان دەکەن

15-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
خۆپێشاندانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لە لەندەن
خۆپێشاندانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لە لەندەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، زیاتر لە 2800 کەس لە کارمەندانی تەندروستی و بەڕێپێوان داواکاریی زیادکردنی مووچەکانیان گەیاندە حکومەتی وڵاتەکە. دروشمی رێپێوانەکەیان ئەوەیە کە دەڵێن: "کارمەندانی تەندروستی بپارێزن."
 
ئۆنای کەسەب، نوێنەری خۆپێشاندەرانە و دەڵێت، ئەوان سەبارەت بە مووچە مان دەگرن، چونکە مووچەیەکی زۆر کەمیان پێدەدرێت؛ ئەوان مان دەگرن، چونکە کارمەندی پێویست لە نەخۆشخانەکاندا نییە؛ ئەوان ماندەگرن بۆ دادپەروەری.
 
لە رێپێوانەکەدا، پەرستاران، پزیشکان و نوێنەرانی سەرجەم کارمەندانی کەرتی تەندروستیی بەریتانیا بەشداربوون. 
 
کارمەندانی تەندروستی لە بەریتانیا بەگوێرەی پۆستەکانیان مووچەیان جیاوازە. پزیشکێک ساڵانە لانیکەم 80 هەزار پاوەندی بەریتانی وەردەگرێت کە دەکاتە نزیکەی 99 هەزار دۆلاری ئەمریکی، ئەوان داوا دەکەن کە بەلایەنی کەمەوە حکومەت مووچەکانیان 6٪ زیاد بکات.
 
ئۆنای کەسەب دەشڵێت، "ئێمە بەردەوام دەبین و درێژە بە مانگرتنەکە دەدەین. ئەوە بەرپرسیارییەتیی حکومەتە کە بڕیار لە داهاتوودا بدات؛ ئەوە پەیوەستە بە متمانەی حکومەتەوە و ئەرکی حکومەتە کە گفتوگۆی ئەو بابەتەمان لەگەڵدا بکات، ئەگەر حکومەت ئەوە نەکات ئەوا ئێمە درێژە بە مانگرتنەکە دەدەین تاوەکو دەیبەینەوە."
 
مانگرتنەکەی کارمەندانی تەندروستی لە بەریتانیا کاریگەریی لەسەر نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە هەبووە و کارمەندانی تەندروستی رایدەگەیێنن، ئەگەر حکومەت بەدەم داواکارییەکانیاندا نەچێت، ئەوا دووبارە لە 16 تاوەکو 22ـی ئەیلوول، دەگەڕێنەوە سەر شەقام. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە