رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی شارۆچکەی ویگنی سەر بە شاری مانچێستەری بەریتانیا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی 11ی ئەیلوول، تەرمی گەنجێکیان لە ماڵێکدا دۆزیوەتەوە کە دەستەکانی بەسترابوونەوە و هەڵواسرابوو. لەسەر رووداوەکەش پۆلیس سێ کەسی دەستگیرکرد، بەڵام هەر ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازادکران.
رۆژی هەینی 15-9-2023، ئالان رەئووف، رۆژنامەنووس کە لە شاری مانچێستەری بەریتانیا دەژیت، لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە کوردەی شارۆچکەی ویگن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو گەنجە ناوی کەیوان وریایە و "لە بیستەکانی تەمەنیدایە".
بەپێی میدیای بەریتانی، شەش کەس لەو ماڵەدا ژیاون و هەموویان لە بیستەکانی تەمەنیاندان، بەڵام ئەوە روون نەکراوەتەوە ئەوانەی دەستگیرکراون کوردن یان خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
سەبارەت بە چۆنێتیی دۆزینەوەی تەرمەکە، بەپێی پۆلیسی شارۆچکەکە، پەیوەندییان پێوەکراوە کە گوایە ئەو کوڕە وەڵامی پەیوەندییەکانی ناداتەوە و ئەگەری هەیە تووشی رووداوێک بووبێت، دواتر پۆلیس بۆ پشکنینی ماڵەکە رۆیشتووە و تەرمی گەنجە کوردەکەیان دۆزیوەتەوە.
پۆلیسی شارۆچکەی ویگن داوایکردووە هەر کەسێک زانیاریی لەبارەی گەنجەکە و رووداوی مردنەکەی هەیە ئەوانی لێ ئاگادار بکاتەوە، بەهۆی ئەوەی هێشتا دەستیان نەگەیشتووە بەتەواوی زانیارییەکان سەبارەت بەو گەنجە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ