رووداو دیجیتاڵ
ئامێرێک ناوی "لەدایکبووی بۆشایی ئاسمانە"، بڕیارە هاوشێوەی منداڵدانی ژنان کار بکات؛ بەڵام نەک لەسەر زەوی، بەڵکو لەسەر مانگ یان لەسەر مەریخ یان هەر شوێنێک کە هێزی راکێشان تێیدا سفرە.
عەقیل شامسول، لێکۆڵەرێکە لە بەریتانیا و دەڵێت: "ئامێرەکە لە کەشتییە ئاسمانییەکەدا دادەنرێت و لەنێو ئامێرەکەدا، ئامێرێكی بچووکتر هەیە."
زیاتر روونکردنەوە لەبارەی ئامێرەکە دەدات و دەڵێت: "ئامێرە بچووکەکە دەتوانیت ناوی وێستگەی خانەکانی مرۆڤ لێ بنێیت. لەوێدا سپێرمی پیاوەکە و هێلکەی ژنەکە هەڵدەگیرێن و دەبرێنە بۆشایی ئاسمان و لەوێ هێلکەکە دەپیتێندرێت. پاشان دەبرێتەوە بۆ زەوی و لەوێ لە منداڵدانی دایکەکە دادەنرێت تاوەکو گەورە دەبێت و لەدایک دەبێت."
سەرەتا کەشتییە ئاسمانییەکە رەوانەی ئاسمان دەکرێت. لە بەشی پێشەوەیدا ئامێری "لەدایکبووی بۆشایی ئاسمان" دانراوە. لەنێو ئەو ئامێرەشدا، ئامێرە بچووکەکە هەیە کە ناوی "وێستگەی خانەکانی مرۆڤ"ـی لێنراوە. پرۆسەکە دەستپێدەکات و سپێرمەکە لەژێر گوشاری هێزێکی دەستکرد بە هێلکەکە دەگەیێندرێت، پاشان دەگەڕێندرێتەوە زەوی.
ئێگبێرت ئێدلبروک، لێکۆڵەرێکە و دەڵێت: "زۆر گرنگە زەوی و مرۆڤایەتی بتوانن ببنە بەشێک لە بۆشایی ئاسمان، پێشبینی دەکەین لە 5 یان 6 ساڵی دیکە یەکەمین کۆرپەلە لە بۆشایی ئاسماندا دروست بکرێت."
زانایان پێشبینی دەکەن تا 10 ساڵی دیکە و لەگەڵ زیادبوونی گەشتیاری بۆشایی ئاسمان، هاوژینەکان لە ئاسماندا سێکس بکەن کە بە تەواوەتی ئەزموونێکی نوێیە بۆ مرۆڤایەتی و نازانرێت لە سفر هێزی راکێشاندا چی دەبێت و چ کاریگەرییەک لەسەر جەستە و ئەندامانی دەرەوە و ناوەوەی مرۆڤەکان جێدەهێڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ