رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕی لەناکاو لە شاری سەفی لە مەغریب، لافاو دروستبوو و لانیکەم 21 کەس گیانیان لەدەستدا.
ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە لێشاوی گەورەی ئاو ئۆتۆمبێل لە شەقامەکانی شاری سەفی دەبات.
سەفی بە دووریی 300 کیلۆمەتر، دەکەوێتە باشووری رەباتی پایتەخت.
دامودەزگەکان بڵاویانکردەوە، لانیکەم 70 ماڵ و شوێنکار لە شارە کۆنە مێژووییەکەدا ژێرئاو کەوتوون.
هەروەها 32 کەسی دیکە بریندار بوون و گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
زیان بەر رێگەوبانەکان کەوتووە و هاتووچۆ لە چەندین رێگەی ئەو شارە بەندەرییەی سەر کەناری زەریای ئەتڵەسی وەستاوە.
حەمزە شدوانی، یەکێک لە دانیشتووانی شارەکەیە و گوتی، "رۆژێکی رەشە."
مەروان تامر، دانیشتوویەکی دیکەی شارەکە، پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی ئامێرەکانی حکومەت نەنێردران بۆ لابردنی ئاوەکە.
لە کاتێکدا تیمەکان بەدوای قوربانیاندا دەگەڕان، دەستەی کەشناسی پێشبینیی بارانێکی بەخوڕی دیکەی بۆ رۆژی سێشەممە لە سەرتاسەری وڵاتدا کرد.
لە مەغریب، کەشوهەوای سەخت و لافاو شتێکی نامۆ نییە.
ئەو وڵاتە بۆ حەوتەمین ساڵە لەسەریەک بەدەست وشکەساڵییەکی تووندەوە دەناڵێنێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی رایگەیاند، ساڵی 2024 گەرمترین ساڵی تۆمارکراوی مەغریب بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ