دەرچووانی زانکۆی قەیوان لە مالیزیاوە بڕوانامەی نێودەوڵەتی بەدەستدەهێنن

21-11-2025
نزار جەزا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خوێندکارانی زانکۆی نێودەوڵەتیی قەیوان، لە رێوڕەسمێکی شکۆداردا لە زانکۆی تەکنەلۆژیی مالیزیا (UTM)، بەشدارییان لە سێیەمین خولی ئاهەنگی دەرچووندا کرد و بڕوانامەی نێودەوڵەتییان پێ بەخشرا.
 
"لە نیشتمان بخوێنە و جیهانێک بەدەستبهێنە،" درووشمی زانکۆی نێودەوڵەتیی قەیوانە، دەرچووەکانیش ئەم درووشمەیان سەلماند، کە توانیویانە لە شاری سلێمانییەوە دەست بە خوێندن بکەن و لە مالیزیا بەرهەمی ماندووبوونیان بچننەوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ 69یەمین خولی دەرچوونی زانکۆی (UTM).
 
کەژێ ئامانج، دەرچووی بەشی ئەندازیاری پزیشکی بایۆمیدیکەڵ لە زانکۆی قەیوان بە رووداوی گوت، "جێگەی شانازییە لێرە بڕوانامەی نێودەوڵەتیی زانکۆی (UTM) وەردەگرم، هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەشم بۆ هەرێمی کوردستان بڕوانامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەدەستدەهێنم و دەبمە خاوەنی دوو بڕوانامە."
 
هەروەها ئامێز عەبدولقادر، دەرچووی هەمان بەش لەگەڵ دەربڕینی خۆشحاڵی، هیوای خواست بتوانێت لەڕێگەی بڕوانامەکەیەوە خزمەتێکی گەورە بە کەرتی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان بکات.
 
بێژەن جەمال، دەرچووی بەشی ئەندازیاری پڕۆگرامسازییە، ئەم رۆژە بە وێستگەی دەستپێک دەزانێت و دەڵێت، "سەختی و نشێوییەکان و پاڵپشتیی دایکم دروستیان کردووم، خۆشەویستیی گەلەکەم تاوەکو ئێرەی هێناوم و ئەمە کۆتایی نییە، بەڵکو دەستپێکە."
 
هاوکات ئەلەند محەممەد، دەرچووی ئەندازیاریی پزیشکی بایۆمیدیکەڵ ئاهەنگەکە بە "ساتێکی تایبەت" وەسف دەکات، کە تێیدا بەرهەمی هەوڵی چەند ساڵەیان وەرگرتەوە.
 
ئەوەی پێگەی زانستیی ئەم دەرچووانە بەهێز دەکات، پەیوەندییە تۆکمەکەی نێوان زانکۆی قەیوان و (UTM)ـە. زانکۆی قەیوان تاکە هاوبەشی نێودەوڵەتیی زانکۆی (UTM)ـە لەناو 15 زانکۆی هاوبەشدا، کە هەمان سیستمی خوێندنیان پەیڕەو دەکەن و پلەی 153ی جیهانی و 37ی ئاسیایان هەیە.
 
پرۆفیسۆر دکتۆر محەممەد شەفری بن محەممەد رەحیم، سەرۆکی زانکۆی (UTM)، ستایشی ئاستی زانستیی زانکۆی قەیوانی کرد و بە رووداوی راگەیاند، "زانکۆی نێودەوڵەتیی قەیوان تەواوی مەرج و ڕێنماییەکانی ئێمەی جێبەجێ کردووە و لە هەمان ئاستی کوالێتیی ئێمەدان، ئەمەش بەڵگەی ئاستبەرزیی مامۆستا و خوێندکارەکانیانە."
 
دەرچووانی ئەم خولە پێکهاتوون لە پسپۆڕییەکانی ئەندازیاریی پڕۆگرامسازی، ئەندازیاریی پزیشکی بایۆمیدیکەڵ و گەشەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکان، کە ئێستا ئامادەن بە زانست و ئەزموونێکی نێودەوڵەتییەوە تێکەڵ بە بازاڕی کار ببن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سووریا.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: کاتی هاتووە شەرع لەبری شەڕی کورد بە شوێن پێی ئەواندا بڕوات

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، خەڵکی کورد ماوەیەکی درێژە لە پێناو داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریا شەڕیان کردووە و هاوبەشی بەردەوامی ئەمریکا بوون.