روبیۆ: رێککەوتن لەگەڵ ئێران قورسە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران کارێکی زۆر قورسە. روبیۆ هۆکاری ئەم سەختییەی بۆ سرووشتی دەسەڵات لە ئێران گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوە کرد بڕیارە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لە جیاتی لۆژیکی سیاسی، لەسەر بنەمای تێڕوانینی ئایینی دەدرێن.
 
رۆژی دووشەممە، 16ی شوباتی 2026، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "پێویستە تێبگەین ئێران لە کۆتاییدا لەلایەن پیاوانی ئایینی شیعەی توندڕۆوە بەڕێوەدەبرێت. ئەم کەسانە بڕیارە سیاسییەکانیان لەسەر بنەمای 'تیۆلۆژی' (ئایینناسی) پەتی دەدەن، هەر ئەمەشە وایکردووە رێککەوتن لەگەڵیان هەمیشە کارێکی ئەستەم بێت."
 
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێستای واشنتن، روبیۆ ئاشکرای کرد، تیمێکی دانوستانکاری ئەمریکی لە رێگەدان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە جنێف لەگەڵ شاندی ئێرانی. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین، چونکە سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا) هەمیشە ئەنجامی ئاشتییانە و چارەسەری کێشەکانی لە رێگەی دانوستانەوە پێ باشترە. ئەو سەرۆکێکە کە ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ بینینی هەر کەسێک لەپێناو بەرژەوەندییەکانی وڵات."
 
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا لەوەی کە نابێت زیادەڕۆیی لە گەشبینییەکاندا بکرێت. روبیۆ گوتی: "ئەگەر دەرفەتێک هەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دیپلۆماسی کە نیگەرانییەکانی ئێمە بڕەوێنێتەوە، ئەوا پێشوازی لێ دەکەین، بەڵام پێویستە راستگۆ بین؛ ئەم پرۆسەیە زۆر قورس دەبێت."
 
ئەم لێدوانانەی روبیۆ لە کاتێکدایە کە چاوەکان لەسەر خولی نوێی گفتوگۆکانن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی ئەوە دەکات ئایا واشنتن و تاران دەگەنە خاڵێکی هاوبەش یان نا. ئەمەش دوای ئەوەی 6ی شوباتی ئەم ساڵ دانوستاندنەکانی نێوانیان دەستیانپێکردەوە. 
 
دەقی قسەکانی مارکۆ روبیپ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا:
 
دوێنێ گوتم و ئەمڕۆش دیسان دەیڵێمەوە؛ مەبەستم ئەوەیە پێویستە تێبگەین ئێران لە کۆتاییدا لە لایەن پیاوانی ئایینی شیعە، پیاوانی ئایینی شیعەی توندۆ، بەڕێوەدەبرێت و بڕیارەکانیشی لە لایەن ئەوانەوە دەدرێت، باشە؟ ئەم کەسانە بڕیارە سیاسییەکان لەسەر بنەمای تیۆلۆژی (ئایینناسی) دەدەن. بڕیارەکانیان بەو شێوەیە دەدەن. بۆیە رێککەوتن لەگەڵ ئێران کارێکی قورسە، هەمیشە گوتوومانە قورسە بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین. ئەوەیە کە سەرۆک هەوڵی بۆ دەدات. من پێشوەختە بڕیار لەسەر ئەو گفتوگۆیانە نادەم، بێگومان لێرەدا و لەبەردەم دەزگاکانی راگەیاندن و لەسەر ئەم سەکۆیە دانوستان لەگەڵ ئێران ناکەم. ئێستا دانوستانکارەکانمان لە رێگەدان بەرەو ئەوێ. کۆبوونەوەیان دەبێت. دەبینین چی روودەدات. هیوادارین رێککەوتنێک بێتە ئاراوە. سەرۆک هەمیشە ئەنجامی ئاشتییانە و چارەسەرکردنی بابەتەکانی لە رێگەی دانوستاندنەوە پێ باشترە. ئەو سەرۆکێکە کە ئامادەیی پیشانداوە بۆ قسەکردن و بینینی هەر کەسێک. پێموایە ئەگەر لێرەدا دەرفەتێک هەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دیپلۆماسی کە چارەسەری ئەو بابەتانە بکات کە ئێمە نیگەرانین لێی، ئامادەین و پێشوازی لێ دەکەین. بەڵام نامەوێت زیادەڕۆیی لە گەشبینییەکەدا بکەم؛ کارەکە قورس دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە