وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و رووسیا جەنگی ئۆکراینا تاوتوێ دەکەن

16-03-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
دیپلۆماتە باڵاکانی ئەمریکا و رووسیا "ھەنگاوەکانی داھاتوو"یان بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی ئۆکراینا تاوتوێکرد، ئەوەش چەند کاتژێرێک دوای ئەوەی ھاوپەیمانانی کیێڤ رێککەوتن لەسەر ئەوەی گوشارەکانیان بۆ سەر مۆسکۆ زیادبکەن. 
 
سەرەڕای گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، کیێڤ رەزامەندی لەسەر ئاگربەستێکی بێ مەرجی 30 رۆژی بە نێوەندگیری ئەمریکا دەربڕیوە، بە مەرجێک مۆسکۆ ھێرشەکانی لە رۆژھەڵاتی ئۆکرانیا رابگرێت.
 
لە بەرامبەردا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە ھیچ ئاگربەستێک رازی نەبووە، لەبری ئەوە کۆمەڵێک مەرجی داناوە.
 
پێشنیازی ئاگربەستەکەی تیمی ترەمپ لە کاتێکدایە، رووسیا لە زۆربەی ناوچەکانی بەرەی جەنگ لە ئۆکرانیا پێشڕەوی دەکات. 
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رۆژی شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا "باسیان لە ھەنگاوەکانی داھاتوو کردووە". 
 
لەو کاتەوەی لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، ترەمپ جەختی لە خواستی خۆی بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕی سێ ساڵەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەربڕیوە و چەند جارێکیش لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین قسەی کردووە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھیچ وردەکارییەکی لەبارەی کاتی بەڕێوەچوونی گەڕی داھاتووی گفتوگۆکانی ئەمریکا و رووسیا بە میوانداری سعودیە نەداوە، بەڵام برووس ئاماژەی بەوە کرد، روبیۆ و لاڤرۆڤ "رێککەوتن لەسەر ئەوەی بەردەوام بن لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و رووسیا".
 
پەیوەندییەکە دواى کۆبوونەوەیەکى لووتکە هات کە رۆژی شەممە لەندەن میواندارى کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە 26 سەرکردەى هاوپەیمان و هاوبەشی ئۆکراینای راگەیاند کە دەبێت سەرنج بخەنە سەر چۆنیەتى بەهێزکردنى ئۆکرانیا، پاراستنى هەر ئاگربەستێک و بەردەوامبوون لەسەر گوشارخستنە سەر مۆسکۆ. 
 
ستارمەر گوتى، دەبێت دواجار ڤلادیمیر پووتین "بێتە سەر مێزى گفتوگۆ"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "پووتین هەوڵ دەدات دانوستاندن دوابخات ".
 
 11ی ئەم مانگەش سەرکردە سەربازییەکانى نزیکەى 30 وڵات لە پاریس بۆ تاوتوێکردنى پلانەکان بۆ ئەگەری ناردنی هێزێکى ئاشتیپارێز لە ئۆکرانیا کۆبوونەوە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوویشدا دووبارە لە بەریتانیا کۆببنەوە. 
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەرەنسا رۆژى شەممە داواى کارى یەکگرتووى کرد بۆ ئەوەى دڵنیایی بدرێت کە رووسیا بە ئاگربەستى پێشنیارکراو رازی دەبێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.