رووداو دیجیتاڵ
238 ئەندامی گرووپێکی تاوانکاری ڤەنزوێلی، کە تۆمەتبارن بە قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەر و کوشتنی دەیان کەس، لە ئەمریکاوە گوێزرانەوە زیندانێکی سلڤادۆر.
ئەمەی ئێستا لەسەر شاشەی رووداو دەیبینن، دیمەنی فیلمێکی ئەکشنی هۆڵیوود نییە، بەڵکو ساتی گواستنەوەی ئەو زیندانیانەیە لە ژێر رێکاری ئەمنیی تووند و تۆڵدا.
لە پشتەوە دەستیان کەلەپچەکراوە. هەر یەکێکیان، لە لایەن چوار پۆلیسەوە دەوریان دەگیرێت، پۆلیسێکیش دەست بە چەکەوە لە پشتەوە دەوەستێت، سەریان نزمدەکرێتەوە و تەنیا بەرپێی خۆیان دەبینن و دەگوازرێنەوە نێو ئۆتۆمبێل و پاس، بۆ ئەوەی ببرێنە زیندانێکی زەبەلاح لە شوێنێکی دوورە دەستی نێو جەنگەڵێک.
زۆربەیان لەشیان بە تاتۆ داپۆشراوە. بە کاروانێکی گەورەی هێزی ئەمنییەوە گەیێنرانە زیندانەکە.
لەوێ سەریان دەتاشرێت، کۆتوبەندی دەست و پێیان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی جلەکانیان داکەنن و جلی سپی یەکپۆشی زیندانەکە لەبەر بکەن، پاشان جارێکی دیکە دەست و پێیان پێکەوە زینجیردەکرێنەوە.
تاوەکو دەگەیێنرێنە پشت شیەشەکانی زیندان، کەلەپچە و کۆتوبەندی دەست و پێیان ناکرێنەوە.
هێزە ئەمنییەکانی زیندانەکە هەموویان دەمامکدارن، نابێت ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت، چونکە هەرچی تاوانکار و بکوژی مەترسیدارە، لەو زیندانەی سلڤادۆرە.
ناوی زیندانەکە "ناوەندی گەمارۆدانی تیرۆر"ــە.
دیپۆرتکردنی ئەو زیندانیانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یاسایێکی سەردەمی جەنگی چالاککرد بۆ ئەوەی بتوانێت کۆچبەران لە ئەمریکا دەربکات.
نایب بوکێل سەرۆکی سلڤادۆر، رۆژی دووشەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی گوتی: "ئەمڕۆ، 238 ئەندامی رێکخراوی تاوانکاری ڤەنزوێلی، ترێن دێ ئاراگوا، گەیشتنەوە وڵاتەکەمان."
رۆژی هەینی، ترەمپ فەرمانێکی واژۆکرد بۆ ئەوەی یاسای "دوژمنە بیانییەکانی ساڵی 1798" چالاک بکات، کە رێگە بە سەرۆک دەدات فەرمانی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنی هاووڵاتییانی وڵاتانی دوژمن دەربکات. پێشتر تەنیا سێ جار ئەم یاسایە لە کاتی جەنگ و ململانێی گەورەدا چالاککراوە، لە نێویاندا جەنگەکانی یەکەم و دووەمی جیهانی.
مانگی رابردوو، لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بوکێل گوتی، پێشنیازی کردووە، بەندکراوان لە ئەمریکا وەربگرێت و لە زیندانەکانی خۆیاندا بەندیان بکات.
ئەو زیندانەی کە ئەندامانی گرووپە تاوانکارە ڤەنزوێلییەکەیان تێدا بەنددەکرێن، پێشتر 15 هەزار ئەندامی دوو گرووپی دیکەی مەترسیداری تێدا بوو، کە زۆربەیان ساڵی 2022، دوای ئەوەی کە گرژی دروستبوو و حکومەت باری نائاسایی راگەیاند، دەستگیرکران. بەشێک لەوانە سزای 200 ساڵ بەندکردنیان بۆ دەرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ