جیهان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی گەشتێکدا بە فڕۆکەی "ئێر فۆرس وەن" لە وێست پاڵم بیچ لە فلۆریداوە بەرەو بنکەی سەربازیی هاوبەشی ئەندرۆس لە ماریلاند، لەگەڵ رۆژنامەنووسان قسەی کرد. ئەم گەشتە لە 15ی ئازاری 2026 ئەنجام درا. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا هێرشێکی تووند دەکاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایدەگەیێنێت، هێز و توانای سەربازیی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە نزمترین ئاست. ترەمپ دەڵێت، "ئێمە ژێرخانی دروستکردنی درۆن و مووشەکی ئێرانمان وێران کردووە" و تاران بۆ شاردنەوەی شکستەکانی پەنا بۆ تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد دەبات.
رۆژی دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ کاتی گەڕانەوەی لە ماڕالاگۆوە بۆ کۆشکی سپی، لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا ئێران خاوەنی هێزێکی کەمە و گوتی: "کۆگەی مووشەکەکانیان زۆر کەم بووەتەوە، تەنیا چەند مووشەکێکی کەم دەهاوێژن، چونکە هیچیان بەدەستەوە نەماوە. ئێمە توانای بەرهەمهێنانی مووشەکمان لای ئەوان تێکشکاندووە."
سەبارەت بە درۆنەکانیش، ترەمپ ئاشکرای کرد کە "توانای درۆنەکانی ئێران بۆ 20% کەمبووەتەوە و ئێمە بەردەوامین لە پێکانی ئەو شوێنانەی درۆنی تێدا دروست دەکرێت، کە شوێنی زۆربەیان دەزانین."
تەنگەی هورمز و کێشەی پاراستنی
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رەخنەی لە سیاسەتی رابردووی ئەمریکا گرت سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز و گوتی: "بۆچی دەبێت ئێمە تەنگەی هورمز بپارێزین لە کاتێکدا ئەو شوێنە بۆ چین و وڵاتانی دیکەیە؟ نزیکەی 90%ی نەوتی چین لەوێوە دەڕوات. دەبێت وڵاتانی دیکە خۆیان بێنە پێشەوە و یارمەتیمان بدەن لە پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچەیە."
یەکێک لە تووندترین رەخنەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران، پرسی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست بوو. ترەمپ گوتی: "ئێران بە ژیریی دەستکرد هەواڵی ساختە دروست دەکات. گوتیان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهەم لینکن و وێنەی سووتانیان بڵاوکردەوە، بەڵام هەمووی درۆ بوو و هیچ هێرشێک نەکراوە."
هەروەها باسی لەوەش کرد کە ئێران وێنەی خۆپێشاندانی "250 هەزار کەسیی" بڵاوکردووەتەوە لە پشتگیریی خامنەیی، بەڵام بە گوتەی ترەمپ "ئەو وێنانە هەمووی بە ژیریی دەستکرد دروستکراون و هیچ راستییەکیان تێدا نییە، چونکە خەڵکی ئێران رقیان لەو دەسەڵاتەیە."
کوشتنی 32 هەزار خۆپێشاندەر
ترەمپ تاران بە ئەنجامدانی "تاوانی گەورە" دژ بە گەلەکەی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "لە دوو هەفتەی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی ئێران بە لایەنی کەمەوە 32 هەزار خۆپێشاندەریان کوشتووە کە بە دەستی بەتاڵەوە داوای گۆڕانکارییان دەکرد. ئەوان هەڕەشە دەکەن هەر کەسێک بێتە سەر شەقام دەیکوژن."
ئیسرائیل و پەیوەندییەکان
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەڤیڤ، ترەمپ دەنگۆی هەبوونی کێشەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتکردەوە و گوتی: "پەیوەندیی من و نەتەنیاهوو لە سەرووی ئاساییەوەیە و زۆر نایابە. ئێمە و ئیسرائیل پێکەوە کار دەکەین بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە."
"بۆمبهاوێژەکان و پرسی ئەتۆم"
ترەمپ شانازی بە بڕیاری کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات و دەڵێت: "ئەگەر من نەبوومایە، ئێستا ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی دەبوو. ئێمە بە فڕۆکەی بی 2 شوێنە ئەتۆمییەکانیانمان وێران کرد. ئەگەر ئەو کارەمان نەکردایە، ئێستا ئیسرائیل و هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە چەکی ئەتۆمی وێران دەبوون."
کۆتایی بە کوبا و ڤەنیزوێلا
لە کۆتایی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە وڵاتانی کوبا و ڤەنیزوێلاش کرد و گوتی: "کوبا وڵاتێکی شکستخواردووە و ئەوانیش دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، بەڵام ئێمە سەرەتا کێشەی ئێران یەکلا دەکەینەوە و دواتر دەچینە سەر کوبا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ