جیهان
وێنەیەکی بڵاوکراوە لەلایەن بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە rێکەوتی 14ی ئازاری 2026؛ بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە ئاسمانی شاری ئیسفەهانی ئێران نیشان دەدات دوای ئەنجامدانی چەند هێرشێک.
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ گەشبینن کە جەنگی ئێران لە چەند هەفتەی داهاتوودا یان "زووتر" کۆتایی پێبێت. دەشڵێن، سەرەڕای زیانە ئابوورییە کورتخایەنەکان، کۆتاییهاتنی جەنگەکە دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووریی جیهان و دابەزینی نرخی وزە.
رۆژی یەکشەممە، 15ی ئاداری 2026، کریستوفر رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا سەبارەت بە جەنگی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "پێموایە ئەم جەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بە دڵنیاییەوە کۆتایی دێت و دوای ئەوە بینەری زیادبوونی دابینکردنی نەوت و دابەزینی نرخەکان دەبین"
جەختیشی کردەوە کە بەرگەگرتنی ئەم "ئازارە کورتخایەنە" باشترە لەوەی رێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئەو گوتانەی وەزیری وزەی ئەمریکا لە کاتێکدان، رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، تاران لە 2ی ئادارەوە تەنگەکەی داخستووە. لەو کاتەوە نرخی نەوت لە 72 دۆلارەوە بەرزبووەتەوە و ئێستا بە زیاتر لە 100 دۆلارە.
تەنگەی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین ئەو رێڕەوە ئاوییانە دادەنرێت کە وزەی پێدا دەگوازرێتەوە. بە گوێرەی دەزگای زانیاریی وزەی ئەمریکا، نزیکەی 20٪ی نەوتی هەناردەکراوی رۆژانە بەو تەنگەدا تێدەپەڕێت.
کیڤن هاسێت، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئابووری نیشتمانی لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە پێش ئەو خشتە کاتییەوەیە کە پێشتر ئیدارەکە بە چوار بۆ شەش هەفتە مەزەندەی کردبوو؛ گوتیشی: "پێشبینی دەکەین هەر کە جەنگەکە تەواو بوو، ئابووری جیهانی ببوژێتەوە و گەشەیەکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت."
سەبارەت بە داخستنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، بەرپرسانی ئەمریکا هەوڵیان دا دڵنیایی بدەنەوە. مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان بەردەوامە بۆ ناردنی هێزی دەریایی بە مەبەستی پاراستنی رێڕەوەکە. وەزیری وزەش گوتی: "هەموو کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بۆ کردنەوەی تەنگەکە کار دەکەن."
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کردبوو کە وڵاتانی دیکە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا کەشتی جەنگی رەوانە دەکەن.
ترەمپ رایگەیاندبوو هیوادارە وڵاتانی وەک چین، فەرەنسا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و بەریتانیا کەشتی جەنگی بۆ ناوچەکە بنێرن تاوەکو هاوکاری ئەمریکا بن لە جێگیرکردنی ئاسایشی دەریاوانی لە تەنگەی هورمزدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ