رووداو دیجیتاڵ
کایا کالاس، بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە رۆژی دووشەممە ئەگەری ناردنی ئەرکی هێزە دەریاییەکانیان لە دەریای سوورەوە بۆ تەنگەی هورمز تاوتوێ دەکەن. ئامانجی ئەم هەنگاوەش هاوکاریکردنە لە کردنەوەی ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەی کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە پەکیکەوتووە.
پەککەوتنی شاخوێنی نەوتی جیهان
جەنگی ئێران هاتووچۆی لەو رێڕۆیەدا بە تەواوی پەکخستووە، کە پێنج یەکی نەوتی خاوی جیهان و بڕێکی زۆری گازی لێوە دەگوازرێتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
کایا کالاس لە برۆکسل و پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان بە رۆژنامەڤانانی گوت، "لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە تەنگەی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە، هەربۆیەش تاوتوێی ئەوە دەکەین کە چیمان لە دەست دێت لەم بارەیەوە."
ئۆپەراسیۆنی ئاسپیدس؛ خێراترین بژاردە
کایا کالاس ئاماژەی بەوە کرد کە گۆڕینی ئەرکی ئۆپەراسیۆنی "ئاسپیدس " کە لە دەریای سوور جێگیرە، "خێراترین" رێگەیە بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئاسایشی تەنگەی هورمز بەهێز بکات.
ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر وڵاتانی ئەندام لەسەر ئەو ئەرکەکە رێکنەکەون، رەنگە بیر لە پێکهێنانی "هاوپەیمانییەک لە وڵاتانی ئامادە" بۆ ئەو ئەرکە بکرێتەوە. ئۆپەراسیۆنی ئاسپیدس کە لە ساڵی 2024 بۆ رێگری لە هێرشی حوسییەکان دەستیپێکرد، ئێستا سێ کەشتیی جەنگیی (فەرەنسی، یۆنانی و ئیتاڵی) لەخۆدەگرێت.
هەڵوێستی فەرەنسا و ئەمریکا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، پاریس و هاوپەیمانەکانی ئامادەکاری بۆ ئەرکێکی "بەرگری" دەکەن بۆ کردنەوەی رێڕۆ ئاوییەکە.
ماکرۆن بەڵێنی داوە بە ناردنی دوو کەشتیی دیکەی جەنگی، بەشداریی فەرەنسا لە ئۆپەراسیۆنی ئاسپیدس زیاد بکات.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە داوای لە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ کرد هاوکاربن لە کردنەوەی تەنگەی هورمز و هۆشداری دا کە ئەگەر ناتۆ ئەو کارە نەکات، رووبەڕووی ئایندەیەکی "زۆر خراپ" دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ