رووداو دیجیتاڵ
لە سنوورەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپادا هێزێکی هاوبەشی ئەورووپی هەیە کە پێی دەگوترێت فرۆنتێکس، کە ئیشی پاراستنی سنوورەکان و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر کۆچبەری نایاسایی و قاچاخچییانە.
داتاکانی ئەو دامەزراوەیە کە ئەم هەفتەیە ئاشکرا کراون، دەریدەخەن لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بەراورد بە پار، ئەوکاتانە رێژەی پەڕینەوەی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا 5% زیادیکردووە و تائێستا زۆرتر لە 18 هەزار کەس لە بەری فەرەنسا تۆمارکراون کە پەڕیونەتەوە.
هەروەها 27% کەمتر کۆچبەرانی نایاسایی، کە ژمارەیان 47 هەزار کەسە، لە شوێنی دیکەی وەکو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی ئاسیا و ئەفریقاوە چوونەتە نێو یەکێتیی ئەورووپا.
سەبارەت بە هۆکاری ئەو کەمبوونەوەیەش، وەکو لە داتاکاندا دەردەکەوێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رێگەیەکی قاچاخ لە وڵاتانی بالکانەوە (وەکو مەکەدۆنیا و کۆسۆڤۆ و سێربیا و بۆسنە) هەبووە، بەڵام ئەو رێگەیە وەکو جاران ئاسان نەماوە. بەراورد بە پار 58% کەمتر کۆچبەر بەو رێگایانەدا گەیشتوونەتە نێو یەکێتیی ئەورووپا.
ئەو رێگەیەی هیچ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و هێشتا زۆر کۆچبەری لێوە دێن، رێگەی ئاوییە بەرەو ئیتاڵیا و داتاکان پیشانی دەدەن بەراورد بە پار تەنیا 3% کۆچ لەو رێگەیەوە کەمیکردووە.
فرۆنتێکس دەڵێت، ئەوانەی هێشتاش لە رێگەی باڵکانەوە خۆیان دەگەیێننە ئەورووپا، زۆرتر هاووڵاتییانی سووریا، تورکیا و ئەفغانستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ