نەتەوە یەکگرتووەکان: پار 295 ملیۆن کەس تووشی برسیێتیی تووند بوون

16-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا بەناوی راپۆرتی جیهانی بۆ قەیرانی خۆراک، رایگەیاند پار بەهۆی گرژییەکان و ژمارەیەک قەیرانی دیکەوە 295 ملیۆن کەس تووشی برسیێتیی تووند بوون. دەشڵێت، ئەمساڵ بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییەکانەوە مەترسی زیادبوونی ژمارەکە هەیە. 
 
رۆژی هەینی، 16ی ئایاری 2025، نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لە بارەی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا بڵاوکردەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پار لێکۆڵینەوەیان لە 65 وڵات کرد، دەرکەوت لە 53یاندا 295 ملیۆن کەس لەو ساڵەدا تووشی برسیێتیی تووند بوون. ئەمەش شەشەم ساڵی لەسەر یەک بوو ژمارەی برسییەکان زیاد بکات. 
 
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەدا دەڵێت: "لە غەززە و سوودانەوە بۆ یەمەن و مالی، کارەساتی برسیێتی بەهۆی شەڕ و هۆکارەکانی دیکەوە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد". گوتیشی، "پەیامەکە روونە. برسیێتی و بەدخۆراکی خێراتر لە توانای ئێمە بۆ وەڵامدانەوە بڵاودەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا یەک لەسەر سێی خۆراکی بەرهەمهێندراو بەفیڕۆ دەچێت". 
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، گرژی و تووندوتیژییەکان هۆکاری سەرەکی برسیێتیی تووند بوون لە 20 وڵاتدا. لەو وڵاتانەدا 140 ملیۆن کەس برسی بوون. لە 18 وڵاتدا گۆڕانی کەشوهەوا و لە 15 وڵاتیشدا شۆکی ئابووری هۆکار بوون. بەو دوو هۆکارە 155 ملیۆن کەس برسی بوون. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەکات و دەڵێت، کەمبوونەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئاژانسەکانیان دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەوانەی تووشی برسیێتیی تووند دەبن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە