خەونی هەزاران کۆچبەر لە نیویۆرک بووەتە کابووس و هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە ژیانی وێران کردوون

16-05-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
 دۆناڵد ترەمپ گەورەترین هەڵمەتی بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دەستپێکردووە.
دۆناڵد ترەمپ گەورەترین هەڵمەتی بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دەستپێکردووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاری نیویۆرکی ئەمریکا، کە بە شاری خەونەکان ناسراوە، ئێستا بۆ هەزاران کۆچبەر بووەتە شوێنێک کە خەونەکانیانی تێدا دەبێتە کابووس، بەهۆی هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەوە.
 
سندی ئێسترادا، کۆچبەرێکی کۆڵۆمبی تەمەن 36 ساڵە و یەکێکە لەو کۆچبەرانە. سێ ساڵە وەک پەناخوازێکی بێ بەڵگەنامە لە ئەمریکا دەژیت و دەڵێت، هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە ژیانی وێران کردوون.
 
سندی ئێسترادا دەڵێت، "هەموو ئەم دۆخە بووەتە هۆی تێکدانی دۆخی دەروونیمان؛ تووشی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و ترس بووین. هەندێک جار بیر دەکەینەوە، دەڵێین، پۆلیس دێت و دەمانبات. هەر کاتێک کەسێک لە دەرگا دەدات، لێدانی دڵم خێراتر دەبێت."
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەورەترین هەڵمەتی دەرکردنی بەکۆمەڵی کۆچبەرانی دەستپێکردووە و ئامانجییەتی 11 ملیۆن کۆچبەری بێ بەڵگەنامە لە وڵاتەکەی دەربکات. بۆ ئەو مەبەستەش 14 ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی کردووەتەوە و هەڵمەتی دەستگیرکردنی کۆچبەرانیش دەستیپێکردووە.
 
هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا کۆچبەران بە "تاوانبار" ناودەبات، بەڵام ئیدارەکەی رایدەگەیەنێت، هەر کۆچبەرێک خۆویستانە بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، هەزار دۆلاری پێدەدەن.
 
پسپۆڕانی بواری تەندروستیی دەروونی هۆشداری لە دۆخی نالەباری کۆچبەران دەدەن و دەڵێن، ئەو دۆخەی ئێستای کۆچبەران تێیدان، هاوشێوەی ئەو کەشەیە کە دوای رووداوەکانی 11ـی سێپتێمبەر لە ئەمریکا دروست بوو.
 
خوان کارلۆس، راوێژکاری دەروونییە و لەوبارەیەوە دەڵێت: "چەندین ساڵە نادڵنیایی، ترس و خەمۆکیمان بەو ئاستەی ئێستا لەنێو خەڵکیدا نەبینیوە. دۆخەکە هاوشێوەی 11ـی سێپتێمبەرە کە تێیدا خەڵک تووشی سترێس، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بوون."
 
ئەم دۆخە کاریگەریی کردووەتە سەر ئەو کۆچبەرانەش کە لە سنووری مەکسیکەوە نیازی چوونە نێو ئەمریکایان هەیە؛ زۆرێکیان بێهیوا بوون و بەشێکیشیان بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان داوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لەگەڵ دەستبەکاربوونی ترەمپ لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ئەمریکا 158 هەزار کۆچبەری دەستگیر کردووە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 67 هەزاریان دیپۆرت کراونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە