رووداو دیجیتاڵ
تیکتۆک تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ ئەپەکەی زیادکردووە بۆ ئەوەی یارمەتیی بەکارهێنەرانی بدات دەروونیان ئارام بێتەوە، شەوان باشتر بخەون و واز لە تەماشاکردنی بێکۆتایی ڤیدیۆ بێنن.
دوای ئەوەی کە سەرەتای ئەم ساڵ وەک تاقیکردەنەوەیەک بۆ هەندێ بەکارهێنەری گەنج بەردەستیکرد، ئێستا تایبەتمەندییەکەی بۆ بەکارهێنەرانی لە سەرانسەری جیهان کاراکردووە.
ئامانج لەم هەنگاوە، یارمەتیدانی بەکارهێنەرە بۆ ئەوەی باشتر بخەوێت و پشوویەک وەربگرێت و لە ئەپەکە دووربکەوێتەوە، بە تایبەتی درەنگانی شەو.
بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی تەمەنیان خوار 18 ساڵە، تایبەتمەندیی ئارامکردنەوەکە لە دوای کاژێر 10:00ی شەوەوە بە شێوەیەکی خۆکار کارادەبێت.
واتە ئەگەر گەنجێک دوای کاژێر 10:00ی شەو تیکتۆک بەکاربێنێ، ئەپەکە هەموو ڤیدیۆکانی بەشی For You دەوەستێنێت و لە بری ئەوە، رێنمایی ئارامبوونەوە و تێڕامان بە بەکارهێنەر دەدات لە رێگەی:
- وێنە و گرافیکی ئارامکەرەوە
- میوزیکی هێمن
- راهێنانی هەناسەوەرگرتن و هەناسەدانەوە
ئەگەر بەکارهێنەرەکە ئەو رێنماییانە پشتگوێ بخات و بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی ئەپەکە، ئەوا پەیامێکی دیکە لەسەر شاشەکەی دەردەکەوێت کە داوای لێ دەکات بڕوات بخەوێت.
گەورەکان چۆن دەتوانن بەکاریبێنن؟
گەورەکانیش دەتوانن ئەم تایبەتمەندییە نوێیە بەکاربێنن، بۆ ئەوە، ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکە:
Profile --> Menu --> Settings and privacy --> Screen Time --> Sleep Hours
بژاردەی Sleep hours بەکاربهێنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ