رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی ناتۆ رایدەگەیێنێت، پووتین "هەڵەیەکی گەورەی" کردووە کە شاندێکی پلە دووی بۆ گفتوگۆی ئاشتیی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەستنیشان کردووە.
رۆژی هەینی، 16ـی ئایاری 2025، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لەکاتی گەیشتن بە شوێنی کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپا - EPC لە تیرانای ئەلبانیا لەبارەی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەستی ئۆکراینا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەو [پووتین] زۆر باش دەزانێت کە تۆپەکە لە گۆڕەپانی کێیە، ئەو کە ئێستا لە کێشەدایە، دەزانێت هەڵەیەکی گەورەی کردووە بە ناردنی ئەو شاندە پلە دووە."
چاوەڕوانییەکان بۆ گفتوگۆی ئاشتی دابەزی، ئەوەش دوای ئەوەی رووسیا داواکەی زیلینسکی بۆ کۆبوونەوە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی لە تورکیا رەتکردەوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی: "پێموایە ئێستا هەموو گوشارەکان لەسەر پووتینە، تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەودایە. دەبێت یاری بکات. دەبێت جیدیی بێت لەسەر ئاشتی."
ئامانجی کۆبوونەوەکەی ئەلبانیا، کە ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا و نزیکەی 20 وڵاتی دیکە کۆدەکاتەوە، گەڕانە بەدوای رێگایەک بۆ زیاترکردنی گوشارەکان لەسەر مۆسکۆ.
گوتەکانی رووتە لەکاتێکدان، شاندی رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ ئەمڕۆ کۆبوونەوە. ڤلادیمیر مێدینسکی کە راوێژکاری پووتینە، سەرۆکایەتی شاندی رووسیا دەکات.
هەرچی شاندی ئۆکراینیشە لەلایەن روستەم عومەرۆڤەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و شاندەکەی لە 12 بەرپرسی ئۆکراینی پێکدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ