گواستنەوەی یۆرانیۆمی ئێران بۆ رووسیا؛ مۆسکۆ چاوەڕێی بڕیاری تارانە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
کامیز شەدادی
کرێملین- رووسیا
کرێملین- رووسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لێدوانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، سەبارەت بە ئامادەیی مۆسکۆ بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ رووسیا، لەلایەن سیاسەتمەداران و پسپۆڕانەوە وەک کلیلی چارەسەری قەیرانی ئێران هەژمار دەکرێت.
لەو بارەیەوە ڤلادیمیر پووتین رایگەیاندووە، ئەگەر هەموو لایەنەکان لەسەر پێشنیازەکەیان رازی بن، ئێران دەتوانێت بە تەواوی دڵنیا بێت لەوەی کە ئەو ماددانەی بۆ وڵاتێکی دۆستانە گواستووەتەوە، کە لە بواری بەکارهێنانی وزەی ناوەکیی ئاشتیخوازانەدا هاوکاریی ئێران دەکات و لەسەر ئەم هاوکارییەش بەردەوام دەبێت.
یێڤگینی فێدۆرۆڤ، پەرلەمانتاری دۆما لە پارتی (رووسیای یەکگرتوو) لەبارەی ئەو پێشنیازەوە دەڵێت: "پێشنیازەکەی پوتین، پێشنیازێکی دۆستانەیە. واتە پووتین دەڵێت؛ ئەگەر ئێوە بە گونجاوی دەبینن کە ئێمە کارێک بۆ مادەی ناوەکیی ئێران بکەین، ئەوا ئێمە ئامادەین. ئەمە گوشار نییە بۆ سەر ئێران، بەڵکو پێشنیازێکە و ئەگەر حکومەتی ئێران بە پێویستی بزانێت، دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت. بژاردەکانی مەبەست لە گواستنەوەکە دەکرێت جیاواز بن؛ دەکرێت بۆ پاراستن و کۆگاکردن بێت، یان بۆ کارکردن بێت لەسەر ماددەکە لە چوارچێوەی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمیدا. کەواتە ئەمە بڕیاری خوودی ئێرانە و ئەوان خۆیان دەڵێن کە چی لەو ماددەیە بکرێت."
رووسیا پێشتریش لە ساڵی 2015ـدا، لە چوارچێوەی رێککەوتنی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، زیاتر لە 8.5 تۆن یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە ئێران بردبووە دەرەوە. بەڵام پسپۆڕانی رووس ئاماژە بەوە دەکەن کە بردنە دەرەوەی یۆرانیۆمەکە لە ئێران بەو مانایە نییە کە ئەو ماددەیە دەبێتە موڵکی رووسیا.
ئیڤان تیمۆفێیڤ، سەرۆکی ئەنجوومەنی کاروباری نێودەوڵەتیی رووسیا (RIAC) لەو بڕوایەدایە و دەڵێت: "بە بڕوای من، ئەگەر رووسیا هاوکار بێت لە گواستنەوە یان کۆگاکردنی یۆرانیۆمی ئێران، ئەوە بەو واتایە نییە کە ئێران لە داهاتوودا چیدیکە ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە. ئەم یۆرانیۆمە موڵکی ئێرانە و بۆ پیتاندنەکەشی، ماندووبوون و تێچوویەکی زۆری ویستووە؛ بۆیە زۆر ئاساییە کە دواتر بۆ ئێران بگەڕێنرێتەوە."
دەستبەرداربوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان. بە گوتەی پوتین، لە سەرەتادا هەر سێ لایەنەکە (ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل) بە پێشنیازەکەی رووسیا رازی بوون، بەڵام دواتر واشنتن هەڵوێستی خۆی توند کرد و داوای کرد کە یۆرانیۆمەکە تەنیا بۆ خاکی ئەمریکا بگوازرێتەوە، لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئێران گواستنەوەی یۆرانیۆمی بۆ وڵاتانی دیکە رەتکردەوە.
ئێستا دوای لێدوانەکەی پووتین، چاوەکان لەسەر ئەوەن کە ئایا ئەمجارە تاران پێشنیازەکەی مۆسکۆ قبووڵ دەکات یان نا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی بەرێکردنی تەرمی عیزەدین حەداد، فەرماندەی گشتیی کەتیبەکانی شەهید عیزەدین قەسام لە غەززە. وێنە: AFP

حەماس کوژرانی عیزەدین حەدادی پشتڕاستکردەوە

سوپای ئیسرائیل کوژرانی عیزەدین حەداد، فەرماندەی گشتیی کەتیبەکانی شەهید عیزەدین قەسام، باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسی راگەیاند و بە یەکێک لە "دوا فەرماندە باڵاکان"ـی پلاندانەری هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ناوبرد. لە بەرامبەردا، حەماس وێرای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، کوشتنەکەی بە "تاوان" ناوبرد و رایگەیاند، ئەمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی نێوەندگیر دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە.