رووداو دیجیتاڵ
سوێد داتای نوێی سەبارەت بەوانەی داوای مافی مانەوەیان لەو وڵاتە کردووە، بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە پێنج مانگدا هەشت هەزار مافی پەنابەریی داوەتە کۆچبەران.
بەپێی ئەو داتایانە؛ تەنیا لە پێنج مانگی رابردووی ئەمساڵدا 14 هەزار و 967 داواکاریی مانەوە بۆ کارکردن لە سوێد قبووڵکراون. ئەمەش بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو ژمارەیەکی بەرزە. تەنیا لە مانگی پێنجدا زۆرتر لە دوو هەزار داواکاری قبووڵکراون. ئەمە لەکاتێکدایە، رەخنە لە سوێد دەگیرێت کە تاوەکو ئێستا 29 و 130 داواکاریی مانەوەی بۆ کار یەکلایی نەکردووەتەوە.
هەر لەو ماوەیەدا نزیکەی 11 هەزار داواکاریی هێنانی ئەندامانی خێزانیش قبووڵکراون. جگە لەوەش 7 و 806 داواکاریی پەنابەری قبووڵکراون. هەروەها 3 و 923 داواکاریش بۆ خوێندن قبووڵکراون. ئەو ژمارانە بۆیە بۆ سوێد باڵکێشن، چونکە حکومەتی ئێستای ئە وڵاتە بە پشتیوانیی راستئاژۆکان لەسەر کارە و پەرۆشییەکی زۆر هەیە کە سەبارەت بە کۆچبەران سیاسەتێکی تووندی هەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەوانەی لە تورکیاوە بۆ ڤیزای خوێندن دەچنە ئەوروپا، پاش تەواوبوونی ڤیزاکەیان، داوای مافی پەنابەری دەکەن. بەگوتەی نیکۆلاوس مەیەر لاندرووت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیا، ژمارەی ئەوانەی ئەمە دەکەن بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیکردووە. دەشڵێت، بەتایبەتی ئەو قوتابییانەی لە تورکیاوە دێنە ئەڵمانیا زۆرتر داوای مافی پەنابەری دەکەن.
پێشتریش وەزارەتی پەروردەی تورکیا رایگەیاندبوو کە جگە لە قوتابییان، ئەو مامۆستایانەش کە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئەوروپیی ئێراسمووس و بۆ تەواوکردنی خوێندن و مەشق دەچنە ئەوروپا، هەندێکیان داوای مافی پەنابەری دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ