لە 6 مانگی رابردوودا لە ئەڵمانیا 434 کۆچبەری عێراقی دیپۆرت کراونەتەوە

16-08-2025
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئەڵمانیا
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئەڵمانیا
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ئەڵمانیا زوو زوو هەواڵی ئەوە بڵاودەبێتەوە کۆمەڵێک هاووڵاتیی باشووری کوردستان و عێراق دیپۆرت کرانەوە، بەڵام کەس داتای فەرمیی لەلا نییە کە ئەم ساڵ (واتە لە 6 مانگی رابردوودا) چەند کەس دیپۆرت کراونەتەوە.
 
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا لەوبارەیەوە پرسیاری لە وەزارەتی نێوخۆی فیدراڵیی ئەڵمانیا کردووە. گوتەبێژێک لە وەزارەتەکە بە رووداوی راگەیاند، بەدرێژایی 7 مانگی رابردوو 434 کەس کە وەڵاتینامەی عێراقییان هەبووە (واتە بەوانەشەوە کە خەڵکی باشووری کوردستانن) دیپۆرت کراونەتەوە.
 
ئەو گوتەبێژە گوتی، لەو ژمارەیە 328 کەسیان راستەوخۆ بە فڕۆکە نێردراونەتەوە عێراق، جگە لەوەش هەر لە 6 مانگی رابردوودا 380 هاووڵاتیی عێراق و هاونیشتمانیی خەڵکی باشووری کوردستان بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە و ئەڵمانیایان بەجێهێشتووە.
 
ئەو ژمارەیە نزیکە لەوەی بەدرێژایی 12 مانگی پار، لەسەر خواستی خۆیان ئەڵمانیایان بەجێهێشتووە و 496 کەس بوونە. یەکێک لە بەنێوبانگترین کەیسەکانی دیپۆرتکردنەوەی ئەم ساڵ کەیسی دیپۆرتکردنەوەی ماڵباتی (قاسم) بوو، کە ماڵباتێکی ئێزدین و چوار منداڵیان هەن. ئەوان دوای ئەوەی سواری فڕۆکە کران و گەیێندرانە بەغدا، دروست ئەوکاتەی گەیشتن دادگایەکی بەرلین بڕیاریدا کە داواکاریی پەنابەرییەکەیان بەشێوەیەکی نایاسایی رەتکراوەتەوە، دواتر دادگە روونکردنەوەی دا کە بڕیارەکە بەمانای هێنانەوەی ماڵباتەکە لە کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا نییە، سەرەڕای ئەوەش هەوڵە یاساییەکان و واژۆکۆکردنەوە بۆ هێنانەوەی ماڵباتەکە بۆ ئەڵمانیا هەر بەردەوامە. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە