دانیمارک باشترین وڵاتە بۆ خانەنشینان

16-08-2025
دوو هاوژینی خانەنشین
دوو هاوژینی خانەنشین
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رەنگە بۆ ئەوانەی لە دیاسپۆرا دەژین، بەتایبەتیش ئەوانەی لە ئەورووپا و ئەمریکان شتێک سەرنجڕاکێش بێ بیزانن، ئەویش ئەوەیە کە کام وڵاتانەی جیهان باشترین شوێنن بۆئەوەی تێیاندا خانەنشین ببی.
 
دامەزراوەی (وایز فاینانشەڵ)ی بەریتانی بەرواردێکی کردووە و بەپێی ئەو بەراوردە، باشترین وڵات لە جیهاندا بۆ خانەنشینبوون دانیمارکە.
 
دوای دانیمارک، هۆڵەندا پلەی دووەمی هەیە لە جیهاندا. ئینجا فینلەند و ژاپۆن و ئیسپانیا بەدوای یەکدا پلەی سێیەم و چوارەم و پێنجەمیان هەیە، نەمسا لەپێش ئەڵمانیایە و پلەی حەوتەمی هەیە، ئەڵمانیا نۆیەمە و سوێد و بەریتانیا هەژدەهەم و نۆزدەهەمن.
 
پێوەرەکان بۆ ئەو ریزبەندییە بە پلەی یەکەم بۆ خزمەتگوزاریی تەندروستی و کوالێتیی ژیان و رێژەی بەختەوەری لەنێو ئەوانەی خانەنشین دەبن دانراوە، دانیمارک و هۆڵەندا بەوە ناسراون کە لەو بوارانەدا، بەتایبەتیش لە بواری خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا، باشترین سیستمەکانی جیهانیان هەیە.
 
دامەزراوەکە لەوەشی کۆڵیوەتەوە کە کام وڵاتانە بەختەوەرترین کەسانی خانەنشین تێیاندا دەژین، لەو ریزبەندییەدا فینلەندییەکان یەکەمی جیهانن، لەدوای ئەوان دانیمارک، ئینجا ئایسلەند و سویسرا و هۆڵەندا دێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە