رووداو دیجیتاڵ
پێنجەمین خوولی دانوستاندن بۆ گەیشتن بە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی لەبارەی پلاستیک شکستدەهێنت. جیهان چاوەرێی مەترسیدارترین پاشماوەی مرۆڤ دەبێتەوە.
دوا خولی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی بۆ سنووردارکردنی پاشماوەی پلاستیک لە شاری جنێڤ گەیشتە رێگەیەکی داخراو. ئەم شکستە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕوپڕ دێت کە تێیدا نوێنەرانی 180 وڵات نەیانتوانی لەسەر خاڵە سەرەکییەکان بگەنە رێککەوتن، ئەمەش دەرگەی بەکراوەیی هێشتەوە بۆ داهاتوویەکی مەترسیدار کە تێیدا قەیرانی پلاستیک قووڵتر دەبێتەوە.
لە 2022 تاوەکو ئەم ساڵ، پێنج گەڕی دانیشتن ئەنجامداراوە بۆ رێککەوتن لەبارەی سنوردارکردنی پلاستیک و پاشماوەکانی، بەڵام نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتن، دوایین خولی ئەم ساڵ 10 رۆژی خایاند، لە پێنجی مانگ دەستیپێکرد و 15ی مانگ شکستی راگەیێندرا.
قەبارەی کێشەکە رۆژ بە رۆژ لە گەشەکردندایە. ساڵانە نزیکەی 460 ملیۆن تۆن پلاستیک لە جیهاندا بەرهەم دەهێنرێت، کە زیاتر لە نیوەی تەنیا بۆ یەک جار بەکارهێنانە. کەمتر لە 10٪ی ئەم پاشماوە پلاستیکییە بە شێوەیەکی دروست ریسایکل دەکرێتەوە.
پیسبوون بە پلاستیک هیچ سنوورێکی جوگرافی ناناسێت و شوێنەواری لە هەموو کونجێکی زەویدا دەبینرێت. پاشماوەی پلاستیک لە قووڵترین خاڵی زەوی لە خەندەقی ماریانا دۆزراوەتەوە تاوەکو دەگاتە بەرزترین لووتکەی چیای ئەڤرێست.
مەترسییەکانی ئەم قەیرانە تەنیا ژینگە ناگرێتەوە، بەڵکو هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ. وردیلە پلاستیکەکان کە بە "مایکرۆپلاستیک" ناسراون، دزەیان کردووەتە نێو لەشی مرۆڤەوە و لە سووڕی خوێن، سییەکان، مێشک و تەنانەت لە شیری دایکیشدا دۆزراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، پیشەسازیی پلاستیک، کە 98٪ی بەرهەمەکانی پشتی بە سووتەمەنی بەردین (نەوت و گاز) بەستووە، بەرپرسە لە نزیکەی 3-4٪ی کۆی گشتیی دەرهاوێشتە گەرمکەرەکانی جیهان. ساڵانە نزیکەی 11ملیۆن تۆن پلاستیک دەڕژێتە نێو دەریا و ئۆقیانوسەکان و نزیکەی 13 ملیۆن تۆنیش لە ژینگەی وشکانیدا کەڵەکە دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەگەر هیچ رێکارێکی خێرا و کاریگەر نەگیرێتەبەر، دۆخەکە بەرەو تاریکیی زیاتر دەڕوات. چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی 2040، رێژەی پاشماوەی پلاستیک لە ژینگەدا سێ هێندە زیادبکات. شیکارییەکان دەریدەخەن کە بەرهەمهێنانی پلاستیک تا ساڵی 2060 بۆ زیاتر لە 1.2 ملیار تۆن لە ساڵێکدا بەرز دەبێتەوە.
جگە لە زیانە ژینگەیی و تەندروستییەکان، تێچووی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەم قەیرانە زۆر گەورەیە و ساڵانە بە سەدان ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. بەپێی راپۆرتێک، تێچووی تەواوی سووڕی ژیانی ئەو پلاستیکەی کە تەنیا لە ساڵی 2019 بەرهەم هێنراوە، بە 3.7 تریلیۆن دۆلار مەزەندە کراوە، کە زیانەکانی وەک نەخۆشی، لەدەستدانی داهاتی گەشتیاری و تێکچوونی ژینگە لەخۆدەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ