رووداو دیجیتاڵ
ئاشا کاسڵبێری، راوێژکاری پێشووی ئۆفیسی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین-ی بە "شکستخواردوو" ناوبرد و رایگەیاند، لە 10 نمرە، تەنیا 2 نمرەی پێدەدات.
کۆبوونەوەکە رۆژی هەینی، 15ـی ئابی 2025، لە ویلایەتی ئەلاسکای ئەمریکا بەڕێوەچوو. دوای کۆبوونەوەکە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، کۆبوونەوەکە "10 لە 10" بووە و گوتی، ئێستا "بارەکە لەسەر شانی زیلینسکییە" بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. لە بەرامبەردا، ڤلادیمیر پووتین گوتی، ئەگەر ترەمپ لە ساڵی 2022 سەرۆک بووایە، جەنگی ئۆکراینا رووی نەدەدا.
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی کۆبوونەوەکە، ئاشا کاسڵبێری لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، گوتی: "من لە 10 تەنیا 2 نمرە بەو کۆبوونەوەیە دەدەم. من باوەڕم بە دیپلۆماسییەت هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی لووتکەکە دەستکەوتێکی ئەوتۆی بەدەستنەهێنا، بۆیە تەنیا دووی پێدەدەم."
کاسڵبێری پێیوایە، ترەمپ نەگەیشتووەتە هیچ رێککەوتنێک و ئاشکرای کرد: "لە راستییدا پووتین پێیگوتووە من دەمەوێت گۆڕینەوەی خاک بکەم، خاک وەربگرم. ترەمپیش ئەوە دەزانێت و کاتێک ئەو پەیامە دەگاتە زیلینسکی، هیچ بژاردەیەکی لەبەردەست نامێنێت. ئەمە لە کۆبوونەوەکەدا زۆر روون بوو و لە ئاستێکی پێشبینی زۆر نزمدا کۆتاییهات."
رۆژی شەممە، 16ـی ئابی 2025، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، بە تەلەفۆن لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە.
زیلینسکی گوتی، ترەمپ "خاڵە سەرەکییەکانی" گفتوگۆی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێ راگەیاندووە. سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت: "رۆژی دووشەممە، لە واشنتن دی سی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کۆدەبمەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی پەیوەست بە کۆتاییهێنان بە کوشتن و جەنگ."
ئەو راوێژکارەی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامانجی ترەمپ لە کۆبوونەوەکە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە: یەکەمیان بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و دووەمیان بازرگانی و گوتی، "ئامانجی ترەمپ ئەوەیە کە دیالۆگی کراوە لەگەڵ رووسیا بکات و دەیەوێت رێککەوتنێکی ئاشتی هەبێت، چونکە بەدوای نۆبڵەوەیە. هەروەها دەیەوێت لەگەڵ پووتین وەبەرهێنان و بازرگانی بکات، تەنانەت دوای داگیرکردنی ئۆکرایناش، دەیەوێت دەست بە بازرگانی لە بواری تەکنەلۆژیا و دەستپێشخەریی بۆشایی ئاسمان بکات. زۆربەی خوێندنەوەکان ئەوەن کە کۆبوونەوەکە بۆ بازرگانی بووە، نەک بۆ قسەکردن لەسەر ئۆکراینا."
سەبارەت بە ئەگەری سەردانی ترەمپ بۆ مۆسکۆ، کاسڵبێری گوتی تاوەکو ئێستا دیار نییە، بەڵام ئەگەر رێککەوتنێکی ئاشتی بکرێت، رەنگە رووبدات.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئۆکراینا، کاسڵبێری دڵنیایە کە سەرۆکی ئەو وڵاتە بە هیچ رێککەوتنێک رازی نابێت، کە وازهێنان لە خاک لەخۆبگرێت: "من پێشبینی ناکەم زیلینسکی رازی بێت، چونکە پووتین دەیەوێت خاکی زیاتری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا داگیربکات و سەرۆک زیلینسکیش زۆر روونە کە دەڵێت 'یەک سانتیمەتر خاکت نادەمێ'. ئەوروپاش پشتیوانیی زێلێنسکی دەکەن."
کاسڵبێری جەختی لەوە کردەوە، کە ئۆکراینا دەتوانێت لە شەڕ بەردەوام بێت بە مەرجێک هاوکاریی سەربازیی بەردەوامی پێبگات، بەتایبەتی لەلایەن ئەوروپاوە، چونکە "ئێستا ناتوانێت بەشێوەیەکی باش پشت بە ئەمریکا ببەستێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ