پاکستان.. 225 کەس بەهۆی بارانی بەخووڕ گیانیان لەدەستدا

16-08-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە 48 کاژێری رابردوو، بەهۆی بارانی بەخوڕی وەرزیی [موونسوون] گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە لانیکەم 225 کەس. 
 
رۆژی شەممە، 16ـی ئابی 2025، دەزگەی بەرەنگاربوونەوەی کارەساتەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، 211 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە پارێزگەی خەیبەر پەختونخوا تۆمارکراون. 
 
دەزگاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، 9 کەسی دیکە لە کشمیری ژێر دەسەڵاتی پاکستان گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسیش لە پارێزگەی گیلگیت بالتیستان گیانیان لەدەستداوە.
 
دەستەی کەشناسی بۆ چەند کاژێری داهاتوو هۆشداریی بارانی بەخوڕی بۆ باکووری رۆژئاوای پاکستان دەرکردووەو داوا لە خەڵک دەکات "رێوشوێنی پێشوەختە" بگرنەبەر.
 
حکومەت ناوچە شاخاوییە زیانلێکەوتووەکانی بونێر، باجاور، سوات، شانگلا، مانسێرا و باتاگرامی وەک ناوچەی کارەساتبار ناساندووە.
لەلایەکی دیکەوە، دەزگای فریاگوزاریی پاکستان راگەیاندووە، کە نزیکەی 2 هەزار کارمەندی فریاگوزاری سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمەکانن لەژێر داروپەردووەکان و ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری لە نۆ ناوچەی زیانلێکەوتوو ئەنجام دەدەن.
 
بیلال ئەحمەد فەیزی، گوتەبێژی دەزگای فریاگوزاریی خەیبەر پەختونخوا گوتی، "بارانی بەخوڕ، رۆچوونی زەوی لە چەندین ناوچە و تێکچوونی رێگەوبانەکان، ئاستەنگی گەورە بۆ گەیاندنی هاوکاری دروست دەکەن، بەتایبەتی لە گواستنەوەی ئامێری قورس و ئەمبوڵانسدا."
بارانی بەخوڕ ژمارەیەک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هیندستانیشی گرتەوە و بەوهۆیەوە لانیکەم 60 کەس لەوێش گیانیان لەدەستداوە. 
 
وەرزی ساڵانەی موونسوون 70 بۆ 80٪ی بارانبارینی باشووری ئاسیا پێکدەهێنێت، کە بۆ کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک گرنگە، بەڵام لە هەمان کاتدا وێرانکاریش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
 
لە ساڵی 2022دا، لافاوەکانی موونسوون یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی ژێرئاو خست و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 1,700 کەس.
 
دیاردەی موونسوون لە چەندین ناوچەی گەرم و نیمچەگەرمی جیهاندا روودەدات، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە وشکانییەکی گەورە نزیکە لە ئاوێکی گەرمەوە. بەناوبانگترین و بەهێزترین موونسوون لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیادا روودەدات، بەتایبەتی لە وڵاتانی وەک هیندستان، پاکستان، بەنگلادیش و سریلانکا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە