رووداو دیجیتاڵ
لە نەرویج هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەدەچن و 7 کوردی دانیشتووی وڵاتەکەش بەربژێرن و هەوڵی مسۆگەرکردنی کورسیی پەرلەمان دەدەن. لە نەرویج دیاسپۆرایەکی چالاک و خوێندەواری کوردستانی هەیە، ئێستاش لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پەرلەمانتارێکی کورد هەیە.
عەبدولباقی حوسێنی، باوکی مانی حوسێنی، کە تەنیا پەرلەمانتاری کوردە لە پەرلەمانی نەرویج، زەنگی ئاگاداکردنەوە لێدەدات و دەڵێت، سەرەڕای کراوەیی سیستمی سیاسیی نەرویج، بەڵام کورد هێندەی سەرقاڵی سیاسەتی وڵاتی دایکن، نیو ئەوەندە بایەخ بەو گۆڕەپانە سیاسییە نادەن کە دەتوانێت داهاتوویان تێیدا مسۆگەر بکات.
عەبدولباقی حوسێنی، سیاسەتمەدارێکی دێرین و شارەزایە لە کۆمەڵگەی نەرویجی، میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو، رەخنەی لە بەشێک لە کوردانی ئەو وڵاتە گرت و گوتی "ژمارەی ئەو کوردانەی لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە هاتوون و لەنێو کۆمەڵگەی نەرویجیدا چالاکبن زۆر کەمن، زۆربەیان زیاتر سەرقاڵی سیاسەتی کورد و کوردستانن تاوەکو سیاسەتی ئەو وڵاتەی بووەتە نیشتمانی دووەمیان، ئەمەش وایکردووە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسیی لۆکاڵی کەم بێتەوە."
حوسێنی جەختی لەوە کردەوە کە سیستمی سیاسیی نەرویج هیچ رێگرییەک لەبەردەم کۆچبەران و کەمینەکان دانانێت، بەڵکو دەرگەی بەڕووی هەموواندا کردووەتەوە و دەڵێت "لێرە دەرگە بۆ هەموو کەسێک کراوەیە، جیاوازیی نییە تۆ کوردی یان خەڵکی وڵاتێکی دیکە، هەر مرۆڤێکی چالاک و بەتوانا بێت دەتوانێت بچێتە نێو سیاسەت و بگاتە بەرزترین پلەکان."
بۆ سەلماندنی قسەکانی، باوکی مانی حوسێنی چیرۆکی سەرکەوتنی کوڕەکەی وەک نموونەیەکی زیندوو هێنایەوە و روونیکردەوە "مانی لە رێکخراوی گەنجانەوە دەستیپێکرد، دواتر بووە ئەندامێکی چالاکی پارتی کرێکاران، چەندین جار بووە پەرلەمانتاری یەدەگ و دواجار وەک پەرلەمانتارێکی سەرەکی چووە پەرلەمان، ئەمە بەڵگەیە کە رێگەکە کراوەیە بۆ هەموو کەسێک کە کاری بۆ بکات."
سەبارەت بە چارەنووسی 7 بەربژێرە کوردەکەی ئەمجارە، حوسێنی پێشبینییەکی تاڕادەیەک نائومێدکەری خستەڕوو و رایگەیاند، تەنیا دوو کەسیان چانسی سەرکەوتنیان بەهێزە، کە یەکێکیان مانی حوسێنی کوڕیەتی و ئەوی دیکەیان خانمێکی خەڵکی باکووری کوردستانە.
هۆکاری سەرنەکەوتنی ئەوانی دیکەشی بۆ هەڵەیەکی ستراتیژی گەڕاندەوە و گوتی "کێشەکە ئەوەیە زۆرێک لە کوردەکان روو لە پارتە بچووکەکان دەکەن کە هیچ بنکەیەکی جەماوەرییان نییە و چانسی گەیشتنیان بە پەرلەمان سفرە، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت، دەبێت بچیتە نێو پارتە گەورە و کاریگەرەکانەوە، وەک پارتی کرێکاران (کە مانی سەر بەوە) و پارتە سەرەکییەکانی دیکە ئەوکاتە دەرفەتی سەرکەوتنت دەبێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا، عەبدولباقی حوسێنی ئاماژەی بە هێزی شاراوەی دەنگدەری کورد لە نەرویج کرد و گوتی "ئەگەر کورد لێرە یەکبگرن دەتوانن هاوکێشەکان بگۆڕن". گوتیشی، "ژمارەی کوردان لە نەرویج، بەتایبەت لە ئۆسلۆی پایتەخت و دەوروبەری کەم نییە، ئەگەر هەموویان بە یەکگرتوویی و بە شێوەیەکی ستراتیژی دەنگ بە بەربژێرە کوردە شایستەکان بدەن، بێگومان دەتوانن چەندین کورسیی پەرلەمان مسۆگەر بکەن، بەڵام بەداخەوە، ئەم یەکڕیزییە بوونی نییە و دەنگەکان پەرتەوازە دەبن."
بانگەوازەکەی حوسێنی لە بەرنامەی دیاسپۆرادا، وەک زەنگێکە بۆ کوردانی نەرویج تاوەکو لەبری چاوبڕینە رابردوو و دووری نیشتمان، ئاوڕێک لە داهاتووی سیاسیی خۆیان لەو وڵاتە بدەنەوە و ببنە هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ