رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی بەریتانیا سزای زیندانیکردنی بەسەر دوو هاووڵاتی فەرەنسیدا سەپاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هاووڵاتیی ڤێتنامیان لەنێو قەنەفەدا گواستووەتەوە بەریتانیا.
دادگەی 'هەوڤ کراون'ی باشووری ئینگلتەرا رۆژی هەینی، 15-9-2023 سزای پێنج ساڵ و 5 مانگ زیندانیکردنی بەسەر ئەندرین پۆڵ و چوار ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنی بەسەر توسەینتی فەرەنسیدا سەپاند.
ئەو دوو هاووڵاتییە فەرەنسیە خەڵکی ناوچەیەکی نزیک لە پاریسن و لە فەرەنسا وەک شۆفێری دیلیڤەری کاریانکردبوو و لە دادگەییەکەدا دانیان بەوە دانا کە یارمەتی کۆچبەرانیان داوە بۆ ئەوەی بچنە نێو بەریتانیا.
یەکێک لە کەیسەکانی گواستنەوەی کۆچبەران لە لایەن ئەو دوو هاووڵاتییەوە بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، ئەوەش کاتێک کەرەستە و کەلوپەلیان لە باکووری فەرەنساوە بۆ باشووی ئینگلتەرا بردووە و لەنێو ئەو کەرەستانەدا ژنێکی ڤێتنامی و سێ منداڵیان شاردوەتەوە.
وەک میدیای فەرەنسی باسی دەکات، کاتێك ئەفسەرانی پاسەوانی سنووری بەریتانیا لەنێو ڤانەکەدا گەڕاون، هەندێک جووڵەیان لەنێو قەنەفەی دەستکاریکراودا تێبینی کردووە و کاتێکیش باشتر گەڕاون، بۆیان روون بووەتەوە دوو کۆچبەر لەنێو قەنەفەکەدا شارداونەتەوە و ژمارەیەک کۆچبەری دیکەش لەنێو کەلوپەلی دیکەدا شاردراونەتەوە.
لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ نێو بەریتانیا بەراورد بە پێنج ساڵی پێشتر زیادیکردووە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەریتانیا، لە ساڵی 2022دا 45 هەزار و 755 کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو 29ی ئاب، 20 هەزار و 101 کۆچبەر لەو رێگەیەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ