لیبیا؛ زیاتر لە 1.2 ملیۆن کەس بەهۆی باهۆزی دانیالەوە زیانیان بەرکەوتووە

16-09-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەحمەد میسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا رایگەیاند، زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە ناوچەی جەبەل ئەخزەری ئەو وڵاتە بەهۆی باهۆزی دانیالەوە زیانیان بەرکەوتووە. هاوکات، سەروو 11 هەزار کەس بەهۆی ئەو لافاوەی زریانەکە لەگەڵ خۆی هێنای گیانیان لەدەستداوە. 
 
رۆژی  هەینی، میسماری لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری بنغازی رایگەیاند، سەرکردایەتیی سوپا رۆژێک پێش کارەساتەکە کۆبوونەوەیەکی کردبوو و بڕیاریدابوو کە ئامادەباشی بۆ ئاستی هەرە باڵا بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی فریاگوزاری پێشکێش بە خەڵک بکەن، بەڵام گوتیشی کە ئەوان سەرنجیان لەسەر شاری بنغازی بووە، چونکە بە گوتەی خۆی، هەموو زانیارییەکان پێشانیاندەدا کە باهۆزەکە سەرەتا لەو شارە دەدات، بەڵام وێڕای ئەوەی باهۆزەکە بە خێرایی 70 بۆ 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا پێیدا تێپەڕی، "هیچ زیانێکی ئەوتۆی لە شارەکە نەدا."
 
لافاوەکە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 11 هەزار و 300 کەس و سەروو 10 هەزار و 100 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون کە زۆربەیان لە شاری دەرنەی سەر دەریای نێوەڕاستن. هەر بەهۆی لافاوەکەوە، وەکو بەرپرسان باسی دەکەن، لانیکەم 30 هەزار کەس بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە. 
 

میسماری ئاماژەی بەوەکرد، لە ناوچەی جەبەل ئەخزەر، باهۆزەکە بارانێکی زۆری لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو و هەندێ شوێنی "بەتەواوی لەنێوبردووە." گوتیشی، ئەوەی روویدا "لە تەواوی مێژووی لیبیادا وێنەی نەبووە."
 
هەروەها میسماری باسی لەوە کرد کە "هەموو رێگەکانی جەبەل ئەخزەر پچڕاون" و سەدان کیلۆمەتری رێگەوبانەکان پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە. 
 
بە گوتەی میسماری، جەبەل ئەخزەر لە ناوچەکانی دیکەی لیبیا "دابڕاوە."
لە بارەی شاری وێرانبووی دەرنەشەوە، میسماری باسی لەوە کرد کە کاتێک باهۆزەکە لە شارەکە نزیکبووەتەوە، خێراتر و بەهێزتر بووە، لە ئەنجامدا دوو بەنداوی سەر دۆڵێک کە بە دەرنەدا دەڕوات، تەقیونەتەوە؛ بۆیە کارەساتەکە بەو قەبارە زەبەلاحە بوو. 
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە سەربازییە، بەنداوی یەکەم 13 کیلۆمەتر لە شارەکە دوور بووە و دوەمیشیان تەنیا یەک کیلۆمەتر. 
 
لە کارەساتەکەدا، 800 سەربازی سەربە سوپاکە گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون، ئەمە وەک میسماری دەڵێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە