رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار، بازنەی پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا کۆبووەوە، هەنگاوێکی باش، بەڵام درەنگوەخت. ئەندامەکان سەر بە پارتە جیاوازەکانی ئەڵمانیان، ئەوەی کۆی کردوونەتەوە، خەم و پرسی کوردە لەو وڵاتە.
گۆکای ئەکبولوت، پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا دەڵێت، "دەمانەوێت ناسنامەی کورد دیارتر بێت. بە بەردەوامی رووبەڕووی رەگەزپەرستیی دژە کورد دەبینەوە، کە بەداخەوە لە جیهاندا هەیە. دەمانەوێت یانە و کۆمەڵە و رێکخراو و دەستپێشخەرییە کوردییەکان لە هەموو ئاستەکاندا (شارەوانی، هەرێمی، فیدراڵی، تاوەکو ئاستی ئەورووپا) بەهێز بکرێن."
رەهەندی نێودەوڵەتییش گرنگە؛ دۆخی کورد لە سووریا، تورکیا و عێراق هێشتا ئاڵۆزە، لە ئێرانیش وا دیسانەوە ساڵیادی ناڕەزایەتییەکانی ژینا ئەمینییە. زۆرێک ئاواتەخوازن ئەڵمانیا دەنگێکی بەهێزتری هەبێت و لە ناوەندەکانی بڕیار نیگەرانییەکانی کورد بخاتەڕوو.
سەردار یوکسل، پارتی سۆسیال دیموکراتەکان دەڵێت، "کورد لێرە پێویستە ئێمە وەکو باڵیۆزی خۆیان لە بۆندستاگی ئەڵمانی ببینێت. ئێمە لێرە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگی کوردستانین. گرنگە نیگەرانییەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەمان پێبگات. دواتر لێرەدا لەگەڵ حکومەتەکەمان باسی پرسە گرنگەکان دەکەین، چونکە کورد لەژێر گوشاردایە. تەحەدای جیۆپۆلەتیک دەبینین، کورد پێویستی بە دۆستی متمانەپێکراوە لە هەموو جیهاندا، بەتایبەت لە دڵی ئەورووپا، لێرە لە ئەڵمانیا. ئێمە ئەم دۆستە متمانەپێکراوانەین بۆ کورد."
ئامانجی گرووپەکە ئەوەیە، پێکەوە رووبەڕووی ئەو بەربەستانە ببنەوە کە کوردی دیاسپۆرا رۆژانە دەیبینن. هەروەها، پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان ئەڵمانیا و کورد بەهێز بکەن. کار بۆ ئاسانکاریی ڤیزا و هێنانی کرێکارانی لێهاتوو بۆ ئەڵمانیا دەکەن. لەگەڵ بەهێزکردنی رێکخراوە کوردییەکان.
سەرپیل تەمیز یونڤار، باڵیۆزی ئاشتی و دیموکراسی لە ئەڵمانیا و سەرۆکی رێکخراوێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی باسی لەوە کرد، ژمارەی کورد لە ئەورووپا زۆرە و دەبێت کاری زیاتر بکەن بۆ بەرەوپێشچوونیان، "دەبێت بزانرێت کە ئێمە چین، چی دەکەین و تاوەکو ئێستا چیمان کردووە."
ئەڵمانیا گەورەترین دیاسپۆرای کوردی لە جیهاندا لەخۆگرتووە، کوردستانیان و دۆستەکانیان لەو وڵاتە هەوڵدەدەن دەنگێکی بیستراوی گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ