چیرۆکی سیخوڕیکردنی چین بەسەر بەریتانیاوە: چی روویداوە و بۆچی بووەتە کێشە؟

16-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەم رۆژانەدا لە بەریتانیا مشتومڕێکی گەورە لەسەر دۆسیەیەکی سیخوڕی دروست بووە کە پەیوەندیی بە چینەوە هەیە. لێرەدا بە سادەیی روونی دەکەینەوە کە چی روویداوە و بۆچی بابەتەکە بووەتە جێی باس.
 
دوایین پێشهاتەکان چین؟
 
• رۆژی پێنجشەممە، کێن ماککالوم، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نێوخۆی بەریتانیا (M15)، رایگەیاند کە چین "هەموو رۆژێک" هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی بەریتانیا. ئەو زۆر نیگەران بوو لەوەی کە دۆسیەی سیخوڕییەکە داخراوە و گوتی: "تەنانەت هەفتەی رابردووش، ئێمە رووبەڕووی هەڕەشەیەکی دیکە بووینەوە کە پەیوەندیی بە چینەوە هەبوو."
 
• ئەندامێکی پەرلەمانی بەریتانیا رایگەیاند کە لیژنەیەکی پەرلەمان لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لەسەر ئەم بابەتە دەکاتەوە بۆ ئەوەی بزانن بۆچی دۆسیەکە داخراوە، چونکە "هێشتا پرسیاری زۆر هەن کە دەبێت وەڵام بدرێنەوە."
 
ئەلفوبێی بابەتەکە چییە؟
 
• دوو کەس بە ناوەکانی کریستۆفەر کاش (30 ساڵ) و کریستۆفەر بێری (33 ساڵ) لە ساڵی 2023 دەستگیرکران.
 
• تۆمەتەکەیان ئەوە بوو کە لەنێوان ساڵانی 2021 بۆ 2023 زانیارییان بۆ چین کۆکردووەتەوە.
 
• بابەتەکە زۆر هەستیار بوو، چونکە یەکێکیان (کاش) وەک توێژەر لە پەرلەمانی بەریتانیا کاری دەکرد و پەیوەندیی لەگەڵ سیاسەتڤانە باڵاکانی پارتی پارێزگاران (کە ئەو کاتە پارتی دەسەڵاتدار بوو) هەبووە.
 
• ئەو دوو کەسە تۆمەتەکانیان رەتکردوونەتەوە.
 
• بەڵام مانگی رابردوو، داواکاری گشتیی بەریتانیا لەناکاو رایگەیاند کە تۆمەتەکانی سەر ئەو دوو کەسە هەڵدەوەشێننەوە و دۆسیەکە دادەخرێت. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە گوایە حکومەت بەڵگەی پێویستی نەداوە کە بیسەلمێنێت چین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵات.
 
وەڵامی حکومەت چی بوو؟
 
• سەرۆکوەزیران کییەر ستامەر دەڵێت، بڕیاری داخستنی دۆسیەکە تەنیا لەلایەن داواکاری گشتییەوە دراوە کە دەزگایەکی سەربەخۆیە و حکومەت دەستوەردانی نەکردووە. هەروەها گوتی کە "زۆر نائوومێد بووە" بەم بڕیارە.
 
• پارتی پارێزگاران (ئۆپۆزسیۆن) دەڵێت راوێژکارێکی سەرۆکوەزیران گوشاری کردووە بۆ داخستنی دۆسیەکە، لە ترسی ئەوەی چین وەبەرهێنانەکانی لە بەریتانیا رابگرێت. بەڵام سەرۆکوەزیران ئەمەی بە "تۆمەتێکی بێ بنەما" ناوبرد.
 
• بەڵگەی نوێ: دواتر حکومەت چەند راگەیێندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە کە تێیدا جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت چین "کاری سیخوڕی بەرفراوان دژی بەریتانیا دەکات" و هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووری و دیموکراسیی وڵات. بەڵام لە هەمان کاتدا دەڵێت حکومەت دەیەوێت "پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ چیندا هەبێت."
 
• وەڵامی چین: پەکین هەموو تۆمەتەکانی سیخوڕیکردن رەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەمە تەنیا "بوختانە".
 
بۆچی ئەم بابەتە گرنگە و مەترسییەکانی چین؟
 
• پەیوەندیی ئابووری: ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە کە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەوڵدەدات پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ چین بەهێز بکات، چونکە ئابووریی بەریتانیا رووبەڕووی وەستانی گەشە دەبێتەوە. چین یەکێکە لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی بەریتانیا.
 
• کێشەی سیاسی: ئەم دۆسیەیە بووەتە سەرئێشەیەکی سیاسی بۆ ستامەر، کە لەدوای هەڵبژاردنەکانی 2024ـەوە رووبەڕووی چەندین کێشەی دیکە بووەتەوە.
 
• پرسیارە سەرەکییەکە: تاوەکو ئێستا بە تەواوی روون نییە بۆچی داواکاری گشتی دۆسیەکەی داخستووە و ئایا هیچ گوشارێکی سیاسی لەپشتەوە بووە یان نا.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا