رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا ئەفغانستان هێشتا بە دەست چەندین قەیرانی ئابووری و مرۆییەوە دەناڵێنێت، شەپۆلێکی نوێی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێرانەوە بۆ وڵاتەکەیان، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
ئەم گەڕانەوە زۆرەملێیە کە بەهۆی سیاسەتە نوێیەکانی ئێرانەوە سەریهەڵداوە، بەپێی ئاماری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە ماوەی 6 مانگدا نزیکەی یەک ملیۆن و نیو ئەفغانی لە ئێران بە زۆرەملێ نێردراونەتەوە ئەفغانستان.
رۆژی پێنجشەمە، 16-10-2025، شیر ئەحمەد شیرانی، لە رێکخراوی مافی مرۆڤی 'حال وش'، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمە چەند مانگێکە ئەم پرۆسەیە دەستی پێکردووە، ئێران داوا لەو پەنابەرانە دەکات، کە ڤیزا و پاسەپۆرتیان هەیە و هەروەها ئەوانەی پەنابەری نایاناسایین وڵاتی ئێران بەجێ بهێڵن.
هەروەها ئەحمەد شیرانی باسی ئەوەشی کرد، کە "زۆرجار پیاوی خێزانەکە (سەرۆکی خێزانەکە) لە شوێنی کارکردنە و هەر لەوێ بە زۆر دەستبەسەری دەکەن و دەینێرنە ئۆردوگا (ئەو شوێنەیە کەوا لەوێ کۆیان دەکەنەوە)، لە کاتێکدا ئەگەر ئۆردوگاکە شوێنی هەزار کەس بێت، ئەوا ئەوان 20 هەزار کەس لە ئۆردوگاکە دادەنێن، پاشان لە دوو شوێنەوە لە زاگول و لە شوێنێکی دیکەوە دەیاننێرنەوە بۆ ئەفغانستان".
گەڕانەوەی پەنابەرە ئەفغانییەکان بۆ وڵاتەکەیان بەشێکە لە پڕۆگرامێک کە ئێران لە مانگی ئاداردا رایگەیاند، دوای شەڕی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، کە لە 13ی حوزەیران روویدا و تاوەکو 25ی حوزەیرانی 2025 بەردەوام بوو، ئەفغانییەکانی ناو ئێران تۆمەتبار دەکرێن کە پێش هێرشەکان و لە کاتی هێرشەکاندا سیخوڕییان بۆ ئیسرائیل کردووە.
بە پێی راپۆرتێکی چاودێریی مافی مرۆڤ، لە دوای رووخانی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی 2001ـەوە، حکومەتی ئێران بە شێوەیەکی چالاکانە هانی پەنابەرە ئەفغانییەکان داوە، کە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان. بزووتنەوەکە لە مانگی ئابی 2021ـەوە دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست.
سەیدوڵڵا سافی، رۆژنامەنووسێکی رەخنەگری ئەفغانییە لە شاری دبلنی بەریتانیا دەژیت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گفتوگۆم لەگەڵ ئەو کەسانەی کە تازە دیپۆرتکراونەتەوە کردووە، زۆربەیان باسی مامەڵەی تووند و سووکایەتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەکەن. چەند کەسێکی گەڕاوە باسیان کرد کە لێیان دراوە و سووکایەتیان پێکراوە، هەروەها کەلوپەلە تایبەتییەکانیان لەوانەش مۆبایل و پارەیان لێ سەندراوە، پێش ئەوەی بە زۆر بە سنووردا بنێردرێنەوە."
سافی باسی لەوەش کرد، هەندێکیان "پێیان گوتم کە پێش ئەوەی دیپۆرت بکرێنەوە، چەند رۆژێک لە کەمپی دەستبەسەرکردندا بوون و خواردن و ئاوی کەم بووە. هەروەها زۆربەی ئەم کەسانە بۆ چەندین ساڵ، تەنانەت دەیان ساڵ، لە ئێران ژیابوون. هەندێکیان لەوێ لەدایکبوون و پێشتر هەرگیز ئەفغانستانیان نەبینیبوو. دەربەدەربوونیان لە شوێنێک کە بە ماڵی خۆیانیان دەزانی تێیدا بژین."
ژمارەی گەڕاوەکان لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR داتای ژمارەی پەنابەری گەڕێنراوەی ئەفغانی لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە بەمشێوەیەیە: لە نێوان 1ی نیسان تاوەکو 4ی تشرینی یەکەمی 2025، کۆی گشتی 1,439,211 کەس لە ئێرانەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ ئەفغانستان. زیاتر لە 4 ملیۆن ئەفغانی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە ئێران و پاکستان گەڕاونەتەوە، کە نزیکەی دە لە سەدی دانیشتوانی وڵاتەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ