رووداو دیجیتاڵ
لە سەردانێکی دەگمەن و کتوپڕدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئەنجامی شۆککەری راپۆرتێکی نوێی رێکخراوەکەی خوێندەوە کە تێیدا هاتووە ئەوەی لە سوودان روودەدات، دەچێتە خانەی "جینۆساید"ـەوە.
راپۆرتەکە باس لە بەکارهێنانی برسیکردن وەک چەک و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی مەدەنییەکان دەکات.
یڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، ئەنجامەکانی ئەم راپۆرتە هەژێنەرن؛ برسیکردن وەک چەکی جەنگ بەکارهێنراوە و مەدەنییەکان لە کاتی هەڵاتنیاندا کەمینیان بۆ دانراوە و کوژراون. تەنانەت دەستدرێژی کراوەتە سەر ژنان لە تەنیشت تەرمی منداڵە کوژراوەکانیانەوە."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لەناکاوی کرد و چالاکوانێکی سوودانیی لەگەڵدا بوو کە رەخنەی توندی لە ئەنجوومەنەکە گرت بۆ شکستی لە راگرتنی خوێنڕێژیی سێ ساڵەی وڵاتەکەی. ئەو چالاکوانە پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی درێژ کرد.
هاڵە ئەلکەریب، چالاکوانی مافی مرۆڤ لە سوودان گوتی، "رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڵگەی گواستنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازییان بۆ دارفوور تۆمار کردووە، لەنێویاندا لەلایەن ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە، ئەمەش بە پێشێلکردنی بڕیاری قەدەخەکردنی چەکی ئەم ئەنجوومەنە دادەنرێت."
ئیمارات بە توندی ئەم تۆمەتانەی رەتکردەوە کە باس لە ناردنی چەک بۆ هێزەکانی "پشتیوانیی خێرا" (RSF) دەکەن، کە لە جەنگێکی خوێناویدان دژی سوپای سوودان.
محەممەد ئەبوشەهاب، نوێنەری ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "داخی خۆم دەردەبڕم کە ئەم خانمە تۆمەتی بێبنەمای دژی وڵاتەکەم دووبارە کردەوە، ئێمە بە رەهایی رەتیان دەکەینەوە، هەرچەندە زۆر خاڵ لە گوتارەکەیدا هەن کە ئێمە هاوڕاین لەسەری."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، گەورەترین تاوانەکان لە شاری ئەلفاشر روویانداوە. لە پرسیارێکی "نامۆ عەبدوڵڵا" پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە بێزاریی سکرتێری گشتی کرد لە بەرامبەر کوشتنی مەدەنییەکان.
ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، "سکرتێری گشتی یەکەم کەسە کە تووڕەیی خۆی دەربارەی کوشتنی مەدەنییەکان رادەگەیێنێت. هەردوولا درۆن بەکاردەهێنن؛ بینیمان چۆن هێرش کرایە سەر نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون و پزیشکان و منداڵان کوژران. کارەکانی لێژنەی دۆزینەوەی راستییەکان هەنگاوێکی گرنگە بەرەو لێپرسینەوە."
هاوکات رووسیا، کە پێشتر ڤیتۆی بڕیارێکی هاوشێوەی کردبوو، ئێستا داوای ئاگربەستێکی خێرا دەکات.
ئانا ئێڤەستیگنیڤا، جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "فیدراسیۆنی رووسیا هەمیشە پاڵپشتی لە ئاگربەستی خێرا و گواستنەوەی دۆخەکە بۆ چارەسەری سیاسی کردووە."
هاتنی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات بارودۆخی سوودان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. بێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێک بهێنێت، داوای لە هەمووان کرد چەک بۆ سوودان نەنێرن و هەوڵی دروستکردنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ