رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، هۆشدارییەکی تووند دەداتە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و رایدەگەیێنێت، "هەڵبژاردنەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، حکومەتی ئەمریکا ناچار دەکات بە تەواوەتی پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا بکات.
لێکەوتی خراپ بۆ گەلی عێراق
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداودا، ئاماژەی بەوە کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە روونی لەو بارەیەوە هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە و پێی وایە هەڵبژاردنی مالیکی "لێکەوتەی خراپی بۆ گەلی عێراق دەبێت." واشنتن جەخت دەکاتەوە کە بە دوای ئەو هاوبەشانەدا دەگەڕێت کە هاوڕان لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
کارە لەپێشینەکانی ئەمریکا لە عێراق
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لیستێکی لەو ئامانجانە خستەڕوو کە لەم قۆناخەدا بۆیان گرنگە و گەڕانەوەی مالیکی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو ئامانجانە دەبینن، کە بریتین لە:
- کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئەو میلیشیایانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن لەنێو سیاسەتی عێراق دا.
- نەهێشتنی هەڕەشەی ئەو گرووپانە بۆ سەر ئەمریکا، عێراق و ناوچەکە دروستی دەکەن.
- کەمکردنەوەی کاریگەری و هەژموونی ئێران لە عێراق.
- پێشخستنی پەیوەندییەکی بازرگانیی بەهێز لە نێوان عێراق و ئەمریکا و هاوبەشە هەرێمییەکان.
وەڵامێک بۆ مشتومڕی "ڤیتۆ"
ئەم هەڵوێستە فەرمییەی وەزارەتی دەرەوە دوای ئەوە دێت کە هەینیی رابردوو 13ی شوبات، تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرۆک ترەمپی پرسی: "ئایا هێشتا مافی ڤیتۆت هەیە بەرامبەر گەڕانەوەی مالیکی؟". ترەمپ لە وەڵامدا گوتبووی: "هەندێک بیرۆکەمان هەیە و دەبینین چی روودەدات."
ئەم لێدوانە ناروونەی ترەمپ بووە هۆی لێکدانەوەی جیاواز لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانی عێراقەوە، بەڵام وەڵامە نوێیەکەی وەزارەتی دەرەوە بۆ رووداو پەیامەکە روون دەکاتەوە و ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی کە گەڕانەوەی مالیکی هێڵی سوورە و دەبێتە هۆی گۆڕانی ریشەیی لە مامەڵەی واشنتن لەگەڵ عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ