رووداو دیجیتاڵ
ئایکۆنی دەریاکان ناوی گەورەترین کەشتیی گەشتیاریی جیهانە. کەشتییەکە پێنج جار گەورەترە لە کەشتیی تایتانیک و 20 نهۆمە. 365 مەتر بەرزە و 250 هەزار تۆنە.
گەورەترین کەشتیی گەشتیاریی جیهانە کە لە رۆژانی رابردوودا دروستکراوە و هەفتەکانی داهاتوو دەچێتە نێو دەریاکان.
رەنگە بۆتان سەرنجڕاکێش بێ کە بزانن کوردێک و خانمەکەی لە دروستکردنی ئەو کەشتییەدا رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە، ئاکام عەلیزادە لە فینلاندەوە بەرێگای سکایپ میوانی دیاسپۆرا بوو و لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەو بەشداری لە دروستکردن و دیزاینکردنی بەشێکی کەشتییەکەدا کردووە کە بەشی رێستۆرانتەکەیەتی.
کەشتی ئایکۆنی دەریاکان گەورەترین گەشتی گەشتییارییە لە جیهان، لەو بارەیەوە ئاکام عەلیزادە گوتی، "2400 کەس وەک ستاف لە کەشتییەکە کاردەکەن و کەشتییەکە دەتوانێت 380 پلە بە دەوری خۆیدا ببینێت".
ئاکام عەلیزادە کە لەدایکبووی شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانە و بڕوانامەی ئەندازیاریی هەیە و لە وڵاتی فینلاند دەژیێت دەڵێت، "جگە لە من، زیاتر لە 30 کەس دیزاینی پڕۆژەی رێستۆرانتی کەشتییەکەیان کردووە و منیش سەرپەرشتی دروستکردنەکەم کردووە بە هاوکاری 150 کەس، بەڵام من تاکە کوردم کە بەشداربووم لە دروستکردنی بەشێکی کەشتییەکە".
ئاکام عەلیزادە کە ماوەی حەوت ساڵە کاری دروستکردنی رێستۆرانتی کەشتییەکان دەکات دەڵێت، رێستۆرانتەکە زیاتر لە پێنج هەزار مەترە و لە سێ نهۆم پێکدێت و شوێنی 2700 گەشتیاری تێدا دەبێتەوە".
عەلیزادە روونیکردەوە، جگە لەو کەشتییە خەریکی بەشداریکردنە لە پرۆژەی گەورەتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ