رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو دێت ژمارەیەکی زیاتری توخمە زیندەوەرەکان لە قڕبوون نزیکدەبنەوە. زانایان لە مێژە دەستیانکردووە بە کۆکردنەوەی تۆوی رووەکەکان و خانەی گیانەوەر و زیندەوەرەکانی دیکە. ئەو خانە و تۆوانە لەنێو شوێنی پارێزراودا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان هەڵگیراون، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن ئەگەر یەکێک لەو زیندەوارانە لەنێوچوو، بیانگەڕێننەوە نێو ژیان.
بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا، کارەساتە سرووشتییەکان و جەنگەکان دەتوانن ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئەم شوێنانە کە بۆ رزگاربوونی زیندەوەران وەک کەشتی نووح گرنگن. ئێستا هەندێ لێکۆڵەر چارەسەرێکیان پێشنیازکردووە کە هەموو زەوی بگەڕێی هاوشێوەی نادۆزییەوە: دروستکردنی یەکێک لەو کەشتیانە لەسەر مانگ.
زانایان دەیانەوێت یەکێک لەو کۆگایانە لە دیوە هەمیشە تاریکەکەی جەمسەری باشووری مانگ دروستبکەن.
هەر شتێک لەوێ دابنرێت دەستبەجێ دەیبەستێت. پلەی گەرمای ئەو دیوی مانگ 196ی خوار سفری سیلیزییە.
ماری هاگێدرۆن و تیمەکەی، کە لە دوو دەزگای پاراستنی گیانەوەران و فرەچەشنیی زیندەیی لە واشنتن کاردەکەن، دەڵێن، ئەو پلەیە بۆ پاراستنی درێژخایەنی خانەی گیانەوەران پێویستە.
هەروەها پێیانوایە، ئەگەر کۆگایەکی لەو جۆرە لەسەر مانگ دروستبکرێت، لە هەموو ئەوانەی سەر مانگ باشتر و سەقامگیرتر دەبێت.
خانمە لێکۆڵەرەکە دەڵێت: "بۆ پاراستنی فرەچەشنی زیندەیی و ژیانی سەرزەوی، زۆر باش دەبێت کە زۆرترین پلانمان هەبن."
یەکەم جار نییە ئەم هەوڵە دەدرێت
سەرچاوەی ئەم بیرۆکەیە، گەنجینەی تۆوەکان بوو لە سڤالبارد لە نەرویج.
ئەو گەنجینەیە، لە رووی مەبەستەوە، وەک کەشتی نووح وایە، بەڵام بە بەستراوی. دەکەوێتە سەرووی بازنەی جەمسەری باکوور.
چەندین بانکی دیکەی تۆو و خانەکان لە سەرانسەری جیهان هەن کە نموونەی ئەو زیندەوەرانەیان تێدا هەڵگیراون کە جێگەی بایەخن.
زانایان لە سەرانسەری جیهان تۆوی رووەکەکانیان کۆکردووەتەوە و لە گەنجینەی سڤالبارددا هەڵیانگرتوون.
ئەم شوێنە سوود لە پلەی گەرمای بەستێنەری ناوچەکە بۆ پاراستنی ملیۆنان جۆر تۆو وەردەگرێت.
ئەگەر پێویست کرا، دەکرێت ئەو تۆوانە بهێنرێنەوە دەرەوە و زۆربکرێنەوە.
بەڵام لە ساڵی 2017، زانایان بۆیان دەرکەوت ئەو کەشتییە لە مەترسیدایە.
بەفر و سەهۆڵی دەوروبەری گەنجینەکە توایەوە و ئاو چووە نێوی. زانایان دەڵێن، رووداوی لەم شێوەیە دەریدەخەن کە پێویستە پلانێکی یەدەگ هەبێت.
دوو ساڵ لەمەوبەر، هەندێ زانای زانکۆی ئەریزۆناش بیرۆکەیەکی لەم جۆرەیان پێشکێشکردبوو بۆ ئەوەی لەسەر مانگ کەشتییەکی لەو جۆرە دروستبکرێت، بەڵام بیرۆکەکەیان کەمێک جیاوازبوو. دەیانویست "تۆوی رووەک، تۆو و هێلکە و دی ئێن ئەی چەندین توخمە گیانەوەر و رووەک" لە ئەشکەوتەکانی ژێر رووی مانگ هەڵبگرن.
ئەو ئەشکەوتانە لە ئەنجامی وشکبوونەوەی رووباری بەردی گڕکانی و ساردبوونەوەیان دروست بوون.
بۆ ئەوەی نموونەکان بە بەستراوی بمێننەوە، زانایانی زانکۆی ئەریزۆنا پێشنیازیانکردبوو لە رێگەی سیستمێک کە بە وزەی خۆر کاربکات، کۆگاکان ساردبکەنەوە. بەڵام لە ئەگەری پچڕانی کارەباکەی بە هەر هۆکارێک، تۆ و نموونەکان تێکدەچوون.
بەڵام ئەگەر کۆگاکە لە دیوە هەمیشە سێبەردار و بەستراوەکەی مانگ دروستبکرێت، پێویستی بە هیچ وزەیەک نییە و مرۆڤ ناچار نابێت بەردەوام چاودێریی بکات.
زانایان دەتوانن دواتر خانەکان دەربهێننەوە و بیانگۆڕن بۆ خانەی بنەڕەتی. هاگێدرۆن دەڵێت: "پاشان ئەو خانانە بۆ لەبەرگرتنەوەی گیانەوەران بەکاردەهێنرێن."
ئاستەنگەکان
جێبەجێکردنی ئەم پێشنیازە، بێ ئاستەنگ نابێت. تیشكدانەوە و کاریگەریی درێژخایەنی لاوازیی هێزی کێشكردن، دەکرێت نموونە کۆگراوەکان تێکبدەن.
ئێستا تیمەکەی هاگێدرۆن سەرقاڵی دروستکردنی دەفری دژە تیشکدانەوەیە بۆ هەڵگرتنی نموونەکان.
هەنگاوی داهاتوو ئەوە دەبێت کە ئەم دەفرانە وەک نموونە بە تۆوەوە لەگەڵ کەشتییەک بنێرن بۆ سەر مانگ بۆ ئەوەی بزانرێت چیان لێ دێت.
بەڵام هاگێدرۆن دەڵێت، ئاستەنگە هەرە گەورەکە بەدەستهێنانی پشتیوانیی کۆمەڵگەی زانستیی جیهانییە. بۆ ئەوەی سەربگرێت، پێویستە هەموو وڵاتان پێکەوە کار لەسەر پلانکە بکەن.
بێنجمین گریینهاگن، زانای بواری تاقیگەی فیزیای جێبەجێکاری لە زانکۆی جۆن هۆپکنز، دەڵێت هەمیشە دیوە تاریکەکەی مانگ لە هەڵبەزودابەزی پلەی گەرما پارێزراو نییە. چونکە هەندێ رووناکی خۆر دەشكێتەوە و بەر ئەو ناوچانە دەکەوێت، بەڵام ئەو دەڵێت، ئەو شوێنانە هەر ساردن.
کێشەیەکی دیکەش هەیە. گرینهاگن دەڵێت، هەندێ خەڵک هەن، مانگیان بەلاوە پیرۆزە و دژی ئەوەن دەستی لێ بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ