دادگەی باڵای ئەمریکا تیکتۆکی قەدەخە کرد

17-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای ئەمریکا ئەپلیکەیشنی تیکتۆکی قەدەخە کرد. بڕیارەکە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا و وەزارەتی دادەوە پەسند نەکراوە و دەڵێن، "کاتمان پێویستە."
 
رۆژی هەینی 17-01-2025 دادگەی باڵای ئەمریکا بەکارهێنانی تیکتۆکی لە وڵاتەکە قەدەخە کرد و هۆکاری قەدەخەکردنەکەش "نیگەرانیی ئەمنی"یە.
 
دادگەکە رایگەیاند، "ئەم یاسایە پێشێلی ئازادیی رادەربڕین ناکات." ئاماژەی بەوەش کردووە، "نیگەرانیی ئەمنی هەیە لەوەی کۆمپانیایەکی چینی خاوەنی ئەپەکەیە."
 
لە ئەمریکا نزیکەی 170 ملیۆن کەس ئەپەکە بەکاردەهێنن.
 
کۆمپانیای بایت دانسی چینی خاوەنی تیکتۆکە، هەفتەی پێشوو نوێنەرانی کۆمپانیاکە لە دادگەی باڵای ئەمریکا بوون و گوتیان، "قەدەخەکردنی تیکتۆک پێشێلکردنی ئازادیی رادەربڕینە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ رایگەیاند، "بڕیاری دادگەی باڵای ئەمریکا پێشبینیکراو بوو؛ هەموو لایەک پێویستە رێزی لێبگرن. لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیاری خۆم لەسەر تیکتۆک دەدەم، بەڵام پێویستم بە کاتە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە دۆخەکەدا بکەم. چاوەڕێ بن."
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا هەمان بۆچوونی ترەمپی هەیە. لیزا مۆناکۆ، جێگری داواکاری گشتیی ئەمریکا پشیوازی لە بڕیارەکە کرد و گوتی، "قۆناخی دواتر بریتییە لە جێبەجێکردن و دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە بڕیارەکە، بەڵام ئەو پرۆسەیە پێویستی بە کاتە."
 
دادگەی باڵای ئەمریکا گوتی، "هیچ گومانی تێدا نییە تیکتۆک سەرچاوەیەکی رادەربڕین و پەیوەندیکردنی پێشکێش بە 170 ملیۆن ئەمریکی کردووە، بەڵام کۆمپانیاکە پێویستە تیکتۆک بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بفرۆشێت بۆ ئەوەی لەبارەی پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیاریی تیکتۆک و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ نەیارێکی دەرەکی مامەڵە لەگەڵ نیگەرانییە ئەمنییەکان بکەین."
 
پار کۆنگرێسی ئەمریکا داوای لە کۆمپانیای بایت دانس کرد تاوەکو 19-01-2025 ئەپەکە بفرۆشێتە کۆمپانیایەکی ئەمریکی یانیش دایبخات.
 
واشنتن دەڵێت، چین دەتوانێت بۆ مەبەستی "سیخوڕی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە" ئەپەکە بەکاربهێنێت.
 
رۆژی 16-01-2025 چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە میدیای وڵاتەکەیان گوت، ئیدارەی جۆ بایدن یاساکە پەسند ناکات و بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ جێی دە‌هێڵێت. 
 
بڕیارە ترەمپ رۆژی دووشەممە 20-01-2025 سوێندی دەستووری بخوات و ببێتە سەرۆکی ئەمریکا.
 
ئەمڕۆ هەینی، ترەمپ و شی جینپینگ، سەرۆکی چین بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گوتی، لەگەڵ شی جینپینگ باسی تیکتۆکیان کردووە.
 
رۆژی 16ـی مانگ مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کابینەی ترەمپ بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ئیدارەکەیان رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی نەهێڵن تیکتۆک "لەکاربکەوێت."
 
وۆڵتز گوتی: "تیکتۆک بۆ هەڵمەتی بانگەشەی سەرۆک ترەمپ ئەپێکی زۆر باشبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرۆک ترەمپ دەیەوێت داتای بەکارهێنەران بپارێزێت."
 
پەسندکردنی بڕیاری قەدەخەکردنی تیکتۆک لە دەستی وەزارەتی دادی کابینەی ترەمپ دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت