ئۆزلەم دەمیرێل: نیگەرانین لە بێدەنگیی دامەزراوە بڕیاربەدەستەکانی ئەورووپا بەرامبەر گەمارۆی سەر کۆبانێ

چه‌ند چرکەیەک لەمه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئۆزلەم دەمیرێل، ئەندامی پارتی چەپی ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەورووپا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەرلەمانی ئەورووپا بڕیارنامەیەکی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە پەسند کردووە. ئاماژەی بەوەش دا، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا تێڕوانینی جیاوازیان لەسەر دۆخی سووریا هەیە، بەڵام جەختیان لەسەر فرەنەتەوەبوونی سووریا کردووەتەوە کە خاڵێکی گرنگە.
 
دەمیرێل، رەخنەی لە حکومەتی کاتیی سووریا گرت کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان ناکات و ئاماژەی بە گەمارۆی سەر کوردانی رۆژئاوای کوردستان کرد، بەتایبەتی لە کۆبانێ. هەروەها رەخنەی لە ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گرت، کە لە سەردانیدا بۆ سووریا هیچ شتێکی لەبارەی دۆخی کورد، عەلەوی و درووزەکانەوە نەگوتووە.
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی ئەورووپا نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە بێدەنگیی دامەزراوەکانی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندام بەرامبەر گەمارۆی سەر کۆبانێ و کەمبوونی ئاو و هاوکاریی مرۆیی.
 
دەمیرێل داوای کرد، یەکێتیی ئەورووپا لەپێناو بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی، چاوپۆشی لە دۆخەکە نەکات و کوردەکان کە شەڕی داعشیان کردووە، نەکرێنە قوربانی. هەروەها بڕیارنامەکەی بە "هەنگاوێکی گرنگ" وەسف کرد، بەڵام رایگەیاند، پێویستە کۆمیسیۆن و ئەنجوومەنی ئەورووپا هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ جێبەجێکردنی.
 
دەقی قسەکانی ئۆزلەم دەمیرێل، ئەندامی پارتی چەپی ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەورووپا بۆ رووداو:
 
پەرلەمانی ئەورووپا بڕیارنامەیەکی پەسند کرد، منیش لە گوتارەکەمدا لە پەرلەمان روونم کردەوە کە نیگەرانییەکی رەوا هەیە سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا. بێگومان تێڕوانینی جیاوازی فراکسیۆنەکان هەبوو سەبارەت بەوەی ئێستا لە سووریا روودەدات، بەڵام ئەوەی لە ناوەڕۆکی ئەم بڕیارنامەیەدا هاتووە و بۆ ئێمەی چەپەکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئەوەیە کە سووریا دەوڵەتێکی فرەنەتەوەیە.
 
حکومەتی کاتیی سووریا، پێکهاتەکان و گروپە جیاوازە نەتەوەیی و ئاینییەکانی ناو ئەم وڵاتە لەبەرچاو ناگرێت. بەداخەوە لە سەرەتای مانگی یەکەوە دەبینین کە کوردانی رۆژئاوا[ی کوردستان]، بەتایبەت لە کۆبانی، هێشتا لەژێر گەمارۆدان. ئێمە وەک چەپەکان، ئەوە قبووڵ ناکەین کە خانم ڤۆن دێرلاین تەنانەت لەو کاتەدا چووە سووریا و لەگەڵ 'ئەلشەرع' کۆبووەوە و بەڵێنی بە ملیۆنان دۆلار هاوکاریی پێدان، بەڵام هیچ وشەیەکی سەبارەت بە دۆخی کورد، عەلەوییەکان و درووزەکان نەگوت.
 
بە روونی بیڵێم، پەرلەمانی ئەورووپا چەندین جار بڕیارنامەی سەبارەت بە سووریا پەسند کردووە. ئێمە هەمیشە گوشار دەکەین کە سووریا دەوڵەتێکی فرەنەتەوەیە و ئەگەر بڕیارە سووریا سەرلەنوێ بنیادبنرێتەوە، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ناوچەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا هەیە. هێزی پێشکەوتنخواز لە سووریا هەن دەبێت پشتگیری بکرێن، چەوساندنەوە لەلایەن جیهادییەکانی پێشووی قاعیدەوە کە حکومەتی کاتیی ئێستایە قبووڵکراو نییە.
 
راستییەکە ئەوەیە کە دامەزراوەکانی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندام تائێستا بێدەنگ بوون. هێشتا خانم ڤۆن دێرلاین هەڵوێستێکی روونی نەبووە بەرامبەر گەمارۆی سەر کۆبانێ. هێشتا رەخنەی لەوە نەگرتووە کە لەم ناوچەیەدا کەمیی ئاو و هاوکاری مرۆیی هەیە. ئێمە دەمانەوێت پەلامارەکانی حکومەتی سووریا دەستبەجێ رابگیرێن.
 
نابێت یەکێتیی ئەورووپا لەبەر بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی لە ناوچەکەدا چاوی خۆی دابخات. دەمانەوێت ئەو کوردانەی کە قارەمانانە شەڕیان دژی سەربڕە ئیسلامییەکانی داعش کرد، ئێستا نەکرێنە قوربانیی هێزە رۆژئاواییەکان. ئەوەی لە هەفتەکانی رابردوودا بینیمان لە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، یان ماکرۆن لە سەرەتادا، یان بێدەنگیی خانم ڤۆن دێرلاین، جێگەی نیگەرانییە.
 
من دڵنیام کە پشتیوانیی نێودەوڵەتیی گەلان، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی سەر شەقامەکان گوشار دروست دەکات؛ بەڵام بڕیارنامەیەکی پەرلەمانی ئەورووپا هێشتا بەو مانایە نییە کە وڵاتانی ئەندام هەڵوێستێکی روون وەردەگرن، یان کۆمیسیۆن واز لە پشتگیریکردنی دارایی حکوومەتی ئەلشەرع دەهێنێت.
 
ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام دەبێت کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ئەنجوومەنی ئەورووپاش هەنگاوی کردەیی بنێن. دۆخی سووریا جێگەی نیگەرانییە، بەتایبەت ئەگەر تیرۆریستانی داعش لە کەمپەکان بێنە دەرەوە و جارێکی دیکە لە عێراق دەست بە تاوان بکەن. گرنگترین شت ئەوەیە بڕیارنامەکە ببێتە سیاسەتی راستەقینە. هەنگاوی یەکەم دەبێت کۆتاییهێنان بێت بە گەمارۆی سەر کۆبانی و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی. داواکاری دووەم، پرۆسەی دەستوورییە کە هەموو گەلانی سووریا و نەتەوە و ئایینەکان بگرێتەوە. سێیەمیش، کارکردن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
وەک لە گوتارەکەشم دا گوتم، یەکێتیی ئەورووپا هەر هەڵوێستێکی هەبێت، کورد گوتەیەکی هەیە (بەرخودان ژیانە)، دەزانن تەنیا بە بەرخودان و رێکخستن و پشتیوانیی گەلان دەتوانن بژین. ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنی بوو، بەڵام هێشتا کۆتایی چیرۆکەکە نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

عەباس عێراقچی لەبارەی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان: لەسەر کۆمەڵێک بنەما رێککەوتین

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە دوایین گەڕی دانوستاندندا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەسەر "کۆمەڵێک بنەمای" سەرەکی رێککەوتوون کە رێگە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن خۆشدەکەن.