ترەمپ دەڵێت لەسەر داوای سەرکردەکانی کەنداو هێرشی سەر ئێرانی راگرتووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاریان دابوو سبەی سێشەممە، هێرشی سەربازی گەورە و بەرفراوان بکەنە سەر ئێران، بەڵام لەسەر داوای سەرکردەکانی قەتەر، سعودیە و ئیمارات هێرشەکەی راگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری دەدات کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، لە هەر ساتێکدا بێت هێرشە گەورەکە دەستپێدەکەن.
 
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر؛ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و شێخ محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات داوایان لێکردووە هێرشە سەربازییەکەی سەر ئێران کە بۆ سبەی پلانی بۆ دانرابوو، رابگرێت.
 
سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی هێرشەکە، ترەمپ دەڵێت: "ئێستا دانوستاندنێکی جیددی بەڕێوەدەچێت و بە بڕوای ئەوان [واتە سەرکردەکانی کەنداو]، وەک سەرکردە و هاوپەیمانێکی گەورە، رێککەوتنێک دەکرێت کە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەشی جێگەی قبووڵکردن بێت."
 
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە خاڵی هەرە گرنگی ئەو رێککەوتنە ئەوە دەبێت کە "ئێران هیچ چەکێکی ئەتۆمیی نابێت!"
 
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵیت: "لەبەر رێزم بۆ ئەو سەرکردانەی ناویان هاتووە، فەرمانم بە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ؛ جەنەڕاڵ دانیێل کەین، سەرۆکی دەستەی سوپاسالارە هاوبەشەکان و سوپای ئەمریکا کردووە، کە سبەی ئەو هێرشە نەکەن."
 
ترەمپ هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئێران و دەڵێت: "فەرمانیشم پێکردوون کە لە ئامادەیی تەواودا بن بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گەورە و بەرفراوان بۆ سەر ئێران لە هەر ساتێکدا بێت، ئەگەر نەگەینە رێککەوتنێکی قبووڵکراو. سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم پرسە! سەرۆک دۆناڵد جەی. ترەمپ."
 
ناکۆکیی سەرەکیی واشنتن و تاران کە بووەتە بەربەست لە بەردەم رێککەوتنی ئاشتی، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە. 
 
ئەمریکا دوایین پێشنیازی ئێرانی بۆ رێککەوتن رەتکردەوە، ئەوەش وەک ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس دەڵێت، چونکە ئێران لە پێشنیازە نوێیەکەیدا داوای کردووە پرسی ئەتۆمی لە رێککەوتنی ئاگربەست جیا بکرێتەوە و بخرێتە "قۆناخەکانی داهاتوو"، بەڵام ئەمریکا ئەمەی بە تووندی رەتکردووەتەوە.
 
یەکێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان بە ئەکسیۆسی گوتووە: "بۆ ئێمە رێی تێناچێت هیچ رێککەوتنێک واژۆ بکەین کە چارەسەری کۆتایی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تێدا نەبێت. سەرۆک ترەمپ زۆر بە روونی گوتوویەتی کە مەرجی سەرەکی بۆ هەر رێککەوتنێک ئەوەیە، ئێران دەبێت دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت. ئێمە ناتوانین ئەم پرسە هەستیارە بۆ داهاتوو جێبهێڵین."
 
خاڵێکی دیکەی ناکۆکییەکان پرسی پارە سڕکراوەکانی ئێرانە لە دەرەوە. ئێران داوای ئازادکردنی دەستبەجێی "سەرجەم" پارەکانی دەکات، بەڵام واشنتن تەنیا ئامادەیە بەشێکی کەم (دەگوترێت 25%) ئازاد بکات، ئەویش بە مەرجی جێبەجێکردنی قۆناخەکانی رێککەوتنەکە لەلایەن ئێرانەوە.
 
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕە هەواڵییەکەی گوتووە: "ئێران دەیەوێت هەموو شتێکی دەستبکەوێت بەبێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەکی ئەتۆمیت پێ بدات، ئەمەش تەنیا کاتکوشتنە و قبووڵ ناکرێت."
 
پێش هۆشدارییە تووندەکانی ترەمپ؛ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند: "گفتوگۆ بە واتەی خۆبەدەستەوەدان نایەت."
 
بەرپرسانی ئێران بەردەوام رەتیان کردووەتەوە ئەوەی بە جەنگ دەستبەرداری نەبوون، لەسەر مێزی گفتوگۆ وازی لێ بهێنن. 
 
تاران پیتاندنی یۆرانیۆم بە هێڵی سوور دەزانێت. 
 
پزیشکیان دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شکۆمەندی، دەسەڵات و پاراستنی مافەکانی وڵاتەکەییەوە دەچێتە نێو گفتوگۆکانەوە. لە ژێر هیچ هەلومەرجێکیشدا، پاشەکشە لە مافە یاساییەکانی خەڵکی وڵاتەکەی ناکات."
 
جەنگەکە 28ی شوبات بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد. لە 8ی نیسانەوە ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام ئێران گەمارۆی خستووەتە سەر تەنگەی هورمز و ئەمریکاش وەک تۆڵەیەک، بەندەرەکانی ئێرانی ئابلووقە داوە. 
 
بەکارهێنانی رێڕۆی دەربازبوونی یەک لەسەر پێنجی وزەی جیهان وەک کارتی گوشار لە لایەن ئێرانەوە، ترەمپی خستووەتە ژێر بارگرانیی زیادبوونی نرخی سووتەمەنی و لەدەستدانی جەماوەر و دەنگدەر. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە