رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە بە کاتی سان دیێگۆ، کە دەکاتە درەنگانی شەوی دووشەممە بە کاتی هەولێر، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر گەورەترین مزگەوتی شاری سان دیێگۆ لە باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، سێ کەس کوژران. پۆلیس دەڵێت دوو هێرشبەرەکە کە دوو گەنجی تەمەن 17 و 18 ساڵان بوون، دواتر لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا بە تەرمەکەیان دۆزراونەتەوە و دەرکەوتووە کە بە چەکی خۆیان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
سکۆت واڵ، بەرپرسی پۆلیسی سان دیێگۆ رایگەیاند، هێزەکانیان وەک "تاوانێکی رقوکینە" لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن، چونکە ئاماژە و درووشمی رقوکینە لە هێرشەکەدا بەدی کراون.
رووداوەکە چۆن بوو؟
بەرپرسی پۆلیس دەڵێت، دوو کاژێر پێش هێرشەکە، دایکی یەکێک لە گومانلێکراوەکان پەیوەندیی بە پۆلیسەوە کردووە و گوتوویەتی کوڕەکەی دەیەوێت خۆی بکوژێت، هەروەها چەند چەکێک و ئۆتۆمبێلەکەشی بردووە. هێزەکانی پۆلیس سەرەتا چوونەتە دەوروبەری قوتابخانەکەی ئەو گەنجە بۆ گەڕان بەدوایدا، بەڵام دواتر پەیوەندییان پێوەکراوە کە تەقە لە "ناوەندی ئیسلامیی سان دیێگۆ" دەکرێت.
پۆلیس لە ماوەی تەنیا 4 خولەکدا گەیشتووەتە شوێنەکە و تەرمی سێ کەسی لەبەردەم مزگەوتەکەدا دۆزیوەتەوە.
پاڵەوانێتیی پاسەوانەکە
یەکێک لە سێ کوژراوەکەی بەردەم مزگەوتەکە، پاسەوانی ناوەندە ئیسلامییەکە بووە. پۆلیس دەڵێت رەفتاری ئەو پاسەوانە "پاڵەوانانە" بووە، چونکە بەهۆی بەرپەرچدانەوە و بەرگریی ئەوەوە، رێگە لە قوربانیی زیاتر گیراوە و ژیانی چەندین کەسی رزگار کردووە. ناسنامەی دوو کوژراوەکەی دیکە هێشتا بە روونی رانەگەیێندراوە.
دوای هێرشەکە، گەنجە چەکدارەکان رایانکردووە، بەڵام لە دووریی چەند کۆڵانێک لە مزگەوتەکە، پۆلیس ئۆتۆمبێلەکەیانی لە نێوەڕاستی شەقامێکدا دۆزیوەتەوە. پۆلیس دەڵێت هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوان ئەوان و پۆلیسدا رووینەداوە، بەڵکو گەنجەکان خۆیان تەقەیان لە خۆیان کردووە و خۆیان کوشتووە.
کاردانەوەکان چی بوون؟
- ئیمامی مزگەوتەکە: تەها حەسەن، ئیمامی مزگەوتەکە دڵنیایی دا کە تەواوی مامۆستایان و منداڵانی نێو قوتابخانەی مزگەوتەکە سەلامەتن و گوتی: "بەئامانجگرتنی شوێنی خواپەرستی کارێکی زۆر قێزەونە، نزا بۆ خێزانی قوربانییەکان دەکەین."
- دۆناڵد ترەمپ: سەرۆکی ئەمریکا رووداوەکەی بە "دۆخێکی زۆر ترسناک و خراپ" ناوبرد.
- سەرۆکشارەوانیی نیویۆرک: زۆهران مەمدانی (کە یەکەم سەرۆکشارەوانیی موسڵمانە لە شارێکی گەورەی ئەمریکا)، هێرشەکەی بە "تووندوتیژیی دژی موسڵمانان" ناوبرد و رایگەیاند کە بۆ پاراستنی گیانی نوێژخوێنان، ژمارەی پۆلیس لە دەوروبەری مزگەوتەکانی نیویۆرک زیاد دەکەن.
- حاکمی کالیفۆرنیا: گاڤین نیوزەم نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و گوتی: "رقوکینە جێگەی لە کالیفۆرنیا نابێتەوە و لێخۆشبوونمان بۆ کاری تیرۆریستی دژی بڕواداران نابێت. ئێمە لە پاڵ کۆمەڵگەی موسڵمانانی سان دیێگۆ دەوەستین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ