رووداو دیجیتاڵ
ئۆکسانا خانمە بازرگانێکی رووسییە، 25 ساڵە لە وڵاتی چین دەژی. لەو ماوەیەی ئەو لە چینە گۆڕانکاری زۆر لە وڵاتەکە روویداوە، بۆیە داوا دەکات رووسیاش دەبێ هەمان پلانی چین جێبەجێ بکات و کەمتر پشت بە فرۆشتنی نەوت ببەستێت.
ئۆکسانا، ژنە بازرگانێکی خەڵکی رووسیایە لە چین و دەڵێت: "دۆستایەتی ئێستای نێوان سەرکردەکانی چین و رووسیا زۆر گرنگە، نەک تەنیا بۆ رووسیا! بۆ چینیش. بۆیە پێم وایە کاتێک پێکەوەین، بەهێزتر دەبین. بۆ رووسیا باشترە واز لە فرۆشتنی نەوت بهێنێت و زیاتر پشت بە کارگەکان ببەستێت."
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا و سەپاندنی سزاکانی رۆژئاوا، بەیجینگ بووەتە گەورەترین هاوبەشی ئابووریی مۆسکۆ. قەبارەی بازرگانی نێوانیان زیاتر لە 250 ملیار دۆلارە، چین رۆژانە زیاتر لە 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوت و 100 ملیۆن مەتر سێجار گازی سرووشتی لە رووسیا هاوردە دەکات.
فانگ ژێن، ستافی کۆمپانیای کامێرا دەڵێت: "دەتونین زیاتر متمانا بە یەکدی بکەین. چەندین سەرکردەی گەورە هاتنە چین، خۆمان وەک زلهێزێکی گەورە بچەسپێنین و پەیوەندی هاوکاری و بازرگانی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی جیاوازدا دروست بکەین. ئۆتۆمبێلی کارەبایی چینی چوونەتە نێو بازاڕی رووسیا، هەروەها نەوت و گازی سرووشتی لە رووسیاشەوە دەڕژێتە ناو چینەوە."
شی و پووتین هەمیشە بە "هاوڕێی بەڕێز" و "باشترین هاوڕی" ناوی یەکدی دەهێنن. هەردووکیان زیاتر لە 40 جار یەکدییان بینوە. چین و رووسیا هەوڵی کەمکردنەوەی هەژموونی رۆژئاوا دەدەن و بانگەشەی جیهانێکی فرەجەمسەر دەکەن و هەمیشە مەبەستیانە سیستمی ئابووری و سیاسیی جێگرەوە بهێننە ئاراوە.
ئیکیتا، بازرگانێکی رووسییە لە چین و دەڵێت: "پەندێکی رووسی کۆن هەیە دەڵێت 'رووسیا تەنیا دوو هاوڕێی هەیە. سوپای رووسیا و هێزی دەریایی رووسیا یە'. من کە لە چینم، ناتوانم پارە بگۆڕم. چونکە بانکە چینییەکان دەڵێن "یوان" بە خەڵکی رووسیا نادەین. پێش کۆبوونەوەکان دەزانن چی روودەدات، پێم وایە ئەم کۆبوونەوانە تەنیا بۆ پێشچاوی خەڵکە شتەکان پێشتر هەمووی زانراوە.
چین و رووسیا سەرداری کۆمەڵەی برێکس و رێکخراوی هاوکاری شەنگەهاین و بۆ کەمتر پشتبەستن بە دۆلار مامەڵە بە یوان و رۆبڵ دەکەن. ئێستا هاوڵاتییانی هەردوو وڵات بەبێ ڤیزا دەتوانن سەردانی وڵاتانی یەکدی بکەن. ئەم سەردانەی پووتین لە کاتێکدایە کە 25 ساڵ بەسەر واژۆکردنی "پەیماننامەی دراوسێیەتی باش و هاوکاریی دۆستانە" تێدەپەڕێت.
رووسیا و چین دوو دراوسێ و هاوسێ و هاوبەشی ستراتیژی یەکدین. دوای گەمارۆکان و کێشە لە تەنگەی هورمز، ئێستا چین پێویستی بە نەوتەکەی رووسیایە، هەروەها رووسیاش پێوسیتی بە ئابووریە زەبەلاحەکەی چینە. بەڵام لەبەر گەورەیی ئابووری چین بەشێوەیكی گشتی ئەوەندەی رووسیا پێویستی بە چینە، ئەوەندە چین پێویستی بە رووسیا نییە!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ