رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا سەبارەت بە هۆکارەکانی کۆچی کورد لە تورکیاوە بۆ وڵاتەکەی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە بەرلین لە نزیکەوە چاودێری دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا دەکات. وەزارەتەکە "پرۆسەی چارەسەری" نێوان ئەنقەرە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک "دەرفەتێکی مێژوویی" بۆ باشترکردنی دۆخی یاسایی کورد لە قەڵەم دا. لەلایەکی دیکەوە فەرمانگەی کۆچی ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە، کە رێژەی 65٪ی پەنابەرانی تورکیا لەو وڵاتە کوردن. گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، رۆژی یەکشەممە 17ی ئایاری 2026، لە وەڵامی پرسیارەکانی رووداو ئەم قسانەی کرد.
فەرمانگەی کۆچی ئەڵمانیا: زۆربەی پەنابەرەکان کوردن
بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا (BAMF) بۆ رووداو، لە ساڵانی دواییدا زۆربەی ئەو کەسانەی بۆ یەکەمجار داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە و لە تورکیاوە هاتوون، بە رەچەڵەک کوردن.
بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2025ی BAMF:
- 11 هەزار و 919 کەس لە تورکیاوە بۆ یەکەمجار داوای پەنابەرییان کردووە.
- لەو ژمارەیە 7 هەزار و 753 کەسیان کورد بوون، واتە 65٪ی کۆی گشتی.
ئامارەکانی ساڵانی 2023 و 2024ی ئەم فەرمانگەیە، هەر هەمان ئاراستەیان هەبووە؛ لە ساڵی 2023دا لە کۆی 61 هەزار و 181 داواکار، 51 هەزار و 407 کەسیان کورد بوون. لە ساڵی 2024یشدا لە کۆی 29 هەزار و 177 داواکار، 21 هەزار و 417 کەسیان وەک کورد تۆمار کراون.
وەزارەتی دەرەوە: بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەین
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری گوتی: "حکومەتی تورکیا لەگەڵ پەکەکە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەریی دەستپێکردووە و لەگەڵ (DEM) پارتی لە دیالۆگێکی بەردەوامدایە. رێکخراوی پەکەکە رایگەیاندووە کە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە. حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە لە چاودێریکردنی پرۆسەی چارەسەری. بە بڕوای حکومەت، ئەم پرۆسەیە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەندین ساڵە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس، هەروەها دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخی یاسایی کورد لە تورکیا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ