رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگەی گوانگدۆنگی چین، رۆبۆتێکی شێوە مرۆڤ نمایشکرا کە دەتوانێت هاوشێوەی مرۆڤ پەلەکانی بجووڵێنێت، سەما بکات، بازبدات و تەقلە بدات.
ئەوەی ئەم رۆبۆتە چینییە لە رکابەرەکانی جیادەکاتەوە ئەوەیە؛ جوومگەکانی ئاسانتر و خێراتر دەچەمێنەوە و راست دەبنەوە، ئەوەش وایکردووە جووڵەکانی زیاتر لە جووڵەی مرۆڤ بچن.
دوو کەس لەگەڵ رۆبۆتەکە سەمادەکەن؛ ئەوان هەر جووڵەیەک بکەن، رۆبۆتەکە کتومت دووبارەیان دەکاتەوە.
رۆبۆتەکە لەلایەن کۆمپانیای ئینجن ئەی ئای دروستکراوە کە بارەگاکەی لە پارێزگەی شێنژێنە.
چاوەڕێدەکرێت رۆبۆتەکە لە چەندین رووەوە کارەکانی مرۆڤ ئاسان بکات، لەوانە؛ دەتوانن لە بری کارمەندی وەڵامدانەوەی پەیوەندی و گلەیی سەوداکاران کاریان پێ بکرێت، کە دەتوانن بە شێوەیەکی خێرا و ورد زانیاری بدەن.
هەروەها دەتوانن لە بواری پەروەردە و خوێندندا یارمەتیی فێرکردنی قوتابیان بدەن، ئەمە جگە لە کاری نێوماڵ، وەک پاککردنەوە، شۆردن و گواستنەوەی ئەو شتانەی لە توانایدایە هەڵیانبگرێت.
لەبەرئەوەی لە ناسینەوەی ژینگەی دەورووبەریاندا زیرەکن، دەتوانرێت ئەم رۆبۆتە مرۆڤئاسایانە لە کارگەکان بۆ بەستنەوەی پارچەی بەرهەمەکان بەکاربهێنرێن.
هەروەها چاوەڕێ دەکرێت ئەو جۆرە رۆبۆتانە وەک هاوڕێیەک شوێنی ئاژەڵی ماڵی بگرنەوە.
رۆبۆتەکە سێ جۆری هەیە کە نرخیان لەنێوان 20 هەزار و 500 دۆلار بۆ 27 هەزار و 350 دۆلاری ئەمریکییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ