ترەمپ: سەرۆکێکی پێشوو پێی گوتم خۆزگە من هێرشم کردبایە سەر ئێران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوو جار رایگەیاند، سەرۆکێکی پێشووی ئەمریکا لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا پێی گوتووە، پەشیمانە لەوەی ئەویش وەک ترەمپ هێرشی نەکردووەتە سەر ئێران.
 
بەڵام نوێنەرانی هەر چوار سەرۆکە زیندووەکەی پێشووی ئەمریکا، کە سێ لەوانە دیموکرات و یەک کۆمارین، دەڵێن، بەم دواییانە هیچ کام لەو سەرۆکانە قسەیان لەگەڵ ترەمپ نەکردووە.
 
کاتێک رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە ترەمپ کرد، ئەو سەرۆکە کێیە؟ ترەمپ ئامادە نەبوو ناوی بهێنێت و گوتی، نایەوێت "تووشی رووگیربوونی بکات."
 
ترەمپ یەکەم جار ئەم قسەیەی لە کۆشکی سپی لە کۆبوونەوەیەک کرد.
 
47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا گوتی، دەیان ساڵە ئێران مەترسی بووە لەسەر ئەمریکا، بەڵام تەنیا ئەو "بوێری"ی ئەوەی هەبووە شتێک بکات. 
 
ترەمپ گوتی: "سەیر بکەن، بۆ 47 ساڵ هیچ سەرۆکێک ئامادە نەبوو ئەوە بکات کە من دەیکەم، دەبوایە زۆر زووتر ئەمەیان کردبا. هیچ سەرۆکێک نەیدەویست بیکات، هەرچەندە هەمووشیان دەیانزانی پێویستە."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "قسەم لەگەڵ سەرۆکێکی پێشوو کردووە کە بەڕاستی خۆشم دەوێ. ئەو پێی گوتم 'خۆزگە منیش لێم دابان، خۆزگە ئەوەم کردبا'، بەڵام نەیانکرد و ئێستا من دەیکەم."
 
کاتێک پرسیاری لێ کرا کام سەرۆک بووە، ترەمپ گوتی، "ناتوانم پێتانی بڵێم. نامەوێت تووشی رووگیربوونی بکەم. بۆ ناوبانگی زۆر خراپ دەبێت."
 
نوێنەرانی بیل کلینتن، جۆرج دەبلیو بووش، باراک ئۆباما و جۆ بایدن بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیان راگەیاندووە، بەم دواییانەدا هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ترەمپ نەبووە. ترەمپ و هەر چوار سەرۆکەکەی پێشوو دوایین جار لە 20ی کانوونی دووەمی 2025 لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ترەمپدا پێکەوە بینران.
 
ترەمپ هەمیشە رەخنەی تووندی لە بایدن و ئۆباما گرتووە، بەڵام لە هەڤپەیڤینێکی 4ی شوباتدا لەگەڵ کەنالی (NBC) پەسنی کلینتنی کرد و گوتی، "بیڵ کلینتۆنم خۆشدەویست و هێشتاش خۆشم دەوێت. مامەڵەیم بەدڵ بوو و پێموایە لێم تێدەگەیشت."
 
دواتر لە هەمان رۆژدا لە کۆشکی سپی، رۆژنامەڤانێک دووبارە پرسیاری لێکرد: "ئایا جۆرج بووش بوو؟" ترەمپ گوتی، "نەخێر." رۆژنامەڤانەکە پرسی، "ئایا بیڵ کلینتن بوو؟"
 
ترەمپ لە وەڵامدا گوتی، "نامەوێت بڵێم. نامەوێت تووشی کێشەیان بکەم، بەڵام کەسێکە کە منی خۆشدەوێت و کەسێکی زیرەکە. بەڵام پێی گوتم 'خۆزگە منیش لێم دابان'."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێرشی سەر نەخۆشخانەکەی

ئەفغانستان: لە هێرشێکی پاکستان نزیکەی 400 کەس کوژران

حکومەتی ئەفغانستان پاکستانی بە هێرشێکی ئاسمانیی خوێناوی بۆ سەر ناوەندێکی چارەسەری ئاڵوودەبووانی بێهۆشکەرەکان لە شاری کابوولی پایتەخت تۆمەتبار کرد. لە کاتێکدا ئەفغانستان باس لە کوژرانی 400 سڤیل دەکات، پاکستان دەڵێ، بنکەی سەربازیی پێکاوە.