رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا زۆرتر لە 200 هەزار ئێزدی دەژین. نەوەی نوێی ئەو ئێزدییانە بە باشی زمانی ئەڵمانی فێربوون و خۆیان گونجاندووە، بەڵام کێشەیەکیان هەیە، کە ئەویش ئەوەیە ترسیان هەیە لەوەی ناسنامەکانیان لەدەستبدەن.
زۆرتر لە نیو سەدەیە ئێزدی چوونەتە ئەڵمانیا. لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئێزدییەکاندا لە ئەڵمانیا، گەنج و پیریان کۆبوونەوە بۆ قسەکردن لەسەر ناسنامەی ئێزدیایەتی؛ بەتەمەنەکانیان بە کوردی قسە دەکەن، گەنجەکان بە ئەڵمانی.
زۆرترینی ئێزدییەکان لە باکووری کوردستانەوە بۆ کار چوونەتە ئەو وڵاتە. دوایینیان کە بە لێشاو چووبوون، ئەو ئێزدییانەن کە ناوچەکانیان داعش هێرشی کردنەسەر و خەڵکەکەی جینۆساید کرد. ئەوان باسی ئەوە دەکەن کە چۆن دیاسپۆرا ناسنامەی نوێت بۆ دروستدەکات. هەندێکیان بەبێ ئەوەی بیڵێن، پیشانی دەدەن ناسنامە کوردییەکەیان لەبیرکردووە.
وەلات کرەت، گەنجی ئێزدی دەڵێت، "لە لایەکەوە ئێزدیم، لە لایەکی دیکەوە خەڵکی کۆڵنم و بەشێکیشم ئەڵمانییە. نازانم چەند ناسنامەم هەیە. رەنگە ناسنامەیەکی نوێش وەربگرم؛ بەڵام گرنگترین ناسنامەم ئەوەیە کە ئێزدیم. ئەوە یەکەمین و گرنگترین ناسنامەیە کە هەمە."
زنار کزلیەل، گەنجی ئێزدی ئاماژە بەوە دەکات، "یەک ناسنامەی سەرەکی و چەندینی لاوەکیم هەیە. خۆم پێ ئێزدییە، بەڵام ناسنامەکەم ئەوەشە کە هاووڵاتیی کوێم و بە چ زمانێک قسە دەکەم. بە ئەڵمانی و کورمانجی و ئینگلیزی قسە دەکەم. ئەوەی زۆرتر پێیەوە گرێدراوم زمانی دایکمە کە کورمانجییە."
هەرچەندە زۆرتر لە 200 هەزار ئێزدی لە ئەڵمانیا دەژین، بەڵام هێشتاش جڤاکێکی 100% رێکخراو نین.
مەترسیی گەورە لەسەر گەنجانی ئێزدی لە دیاسپۆرا، لەبیرکردنی زمان و ناسنامەیانە. ئەو چیرۆکانەی سەبارەت بە رابردووی خۆیان لە کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیزانن، پڕ ئێشن. رەنگە نەیانەوێت جارێکی دیکە بە خەیاڵیش بیریان لێبکەنەوە.
وەلات کرەت پێیوایە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ زۆر لە گەنجانی ئێزدی لە دەرەوە ئەوەیە کە پەیوەندییەکی وا زۆریان پێکەوە نییە، "کەمتر لەبارەی یەکترەوە دەزانین. ئەمە وردە وردە باشتر دەبێت، چونکە رۆژ بە رۆژ زۆرتر ئێزدی خۆیان بە ناسنامەکەی خۆیان دەناسێنن. ئەمە دەبینم کە رۆژ بە رۆژ زۆرتر ئێزدییەکان بەهێزتر خۆیان بە ناسنامەی خۆیان دەناسێنن."
زنار کزلیەل باسی لەوە کرد، "بێگومان ئاڵنگاریمان لەپێشن. پرسیار ئەوەیە، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین؟ چونکە بەشێکیانمان لە باب و باپیرانەوە بۆ ماونەتەوە. ئەگەر رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە ببینەوە، ئیشەڵڵا بە یەکێتیی نێوانمان بەسەریاندا سەردەکەوین. ئەوەی گرنگە سەرەڕای ئەوەی خۆمان پێ کوردە، دەبێت هەمیشە ناسنامە ئێزدیایەتییەکەی خۆمان بپارێزین."
وارژین خالید، گەنجی ئێزدی لەو بڕوایەدایە گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم گەنجانی ئێزدیدا نە ئایینەکەیانە و نە تێگەیشتنیانە لەو ئایینە، بەڵکو دایکان و باوکانن، "چونکە ئەوان دەرفەتی تەواوەتی بۆ گەنجان دروست ناکەن بۆئەوەی لە ئایینەکەیان تێبگەن. ئەگەر لە ئایینەکەمان باش تێبگەین، دەشزانین بۆچی دەبێت بیپارێزین و بۆچی دەبێت سەدەکانی داهاتووش ئەو ئایینە بەردەوام بێت. دڵنیام ئەم نەوەیە لە دەیەکانی داهاتوودا هێندە چالاک دەبین بۆ ئایینەکەمان، کە رۆڵمان دەبێت لە پاراستنی."
لەنێو دیاسپۆرای کوردی لە ئەورووپا، بینینی ئەو دیمەنانە دەگمەنە. خەڵک نۆرەی گرتووە بۆئەوەی قسە بکات؛ قسە لەسەر ناسنامەیەک بکات کە ئەگەر جاران خەڵک هەوڵی دابێت لێیان بستێنێت، لەمەودوا لە دیاسپۆرا مەترسی هەیە خۆیان لەبیری بکەن و لەدەستیان بچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ