ترەمپ: ئێران بەشی 300 ساڵ نەوتی هەیە، نازانم ئەتۆمی بۆ چییە؟

17-05-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ئێران بەشی 300 ساڵ نەوتی هەیە و هەربۆیە ئەو پرسیارە دەکات کە ئیدی وزەی ئەتۆمی بۆ چییە؟ سەرۆکی ئەمریکا باس لە جەنگەکانی غەززە، ئۆکراینا، هیندستان و پاکستانیش دەکات.
 
پرسی ئەتۆمیی ئێران
 
لە هەڤپەیڤینە 35 خولەکییەکە کە لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز کردی، دۆناڵد ترەمپ ئێرانی بە "کێشە گەورەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" ناوبرد، بەتایبەتی بەهۆی "ئامانجە ئەتۆمییەکانی و کاریگەرییەکانی لە ناوچەکەدا."
 
ترەمپ گوتی، "نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"، سەرسامیی خۆی بە بڕی نەوتی یەدەگی ئێران دەربڕی و گوتی، "ئەوان بەشی 300 ساڵ نەوتیان هەیە. بەڕاستی دەپرسم، بۆچی چاویان لە ئەتۆمی سڤیلە؟"
 
سەرۆکی ئەمریکا، کە لە گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەبو زەبی ئەو هەڤپەیڤینەی کردووە، رەخنە لە ئیدارەی بایدن دەگرێ بەوەی سزاکانی سەر ئێرانی لابرد و رایگەیاند، "ئێران بەهۆیەوە زیاتر لە 300 ملیار دۆلاری دەستکەوت و ئەوەش هاندەری چالاکییە ئاژاوەگێڕییەکانی بووە."
 
ترەمپ پشتیوانی لە چارەسەری "ناتووندوتیژی" پرسی ئەتۆمی ئێران کرد، بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەگەر دیپلۆماسی شکست بێنێت، دەکرێت ئەنجامەکە "تووندوتیژ" بێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە لاوازیی ئێران و رۆڵی وەک "مەترسیی سەرەکی" بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە 13 بۆ 16ـی ئەم مانگە لەگەڵیان کۆبووەتەوە، ئامادەن لە چارەسەرکردنی کێشە ناوچەییەکاندا رۆڵیان هەبێت، لەنێویاندا چارەسەرکردنی "هەژموونی ئێران لە ناوچەکە."
 
ئاراستەی نوێی سووریا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
ترەمپ سەردانەکەی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک "سەرکەوتنێکی مێژوویی" ناوبرد، جەختی لە پابەندبوونە ئابوورییەکانی سعودیە، ئیمارات و قەتەر کردەوە. 
 
ترەمپ رایگەیاند، "هیچ کاتێک سەردانێکی لەم شێوەیە لەلایەن هیچ سەرۆکێک یان هەر کەسێکی دیکەوە نەکراوە"، ئاماژەی بە وەبەرهێنانی زەبەلاحی بازرگانی لە ئەمریکا و کەنداو کرد.
 
ترەمپ جەختی لە "پەیوەندیی درێژخایەنی واشنتن لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە" کردەوە و سوپاسی "پشتیوانیی ئەوان"ی "دژی هەڕەشەکانی ئێران" کرد.
 
قەتەر فڕۆکەیەکی شاهانەی "400 ملیۆن دۆلاری" بە دیاری بە ترەمپ داوە. ترەمپ گوتی، ئەو دیارییە بۆ خۆی نییە بەڵکو بۆ "سەرۆکایەتیی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگری"یە.
 
ترەمپ تووڕەیی خۆی لە کۆمپانیای بۆینگ دەربڕی و گوتی، لە دروستکردنی فڕۆکەی نوێی سەرۆکایەتی دواکەوتوون و رایگەیاند، "فڕۆکەی ئێستای سەرۆکایەتی تەمەنی 42 ساڵە و سەلامەت نییە."
 
هەرچی لەبارەی بڕیاری لابردنی سزاکانی سەر سووریایە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی لەسەر داوای محمەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بووە؛ گوتیشی، "ویستمان دەرفەتێکیان پێبدەین، چونکە گوتیان بەو سزایانەوە هیچیان پێناکرێت."
 
ترەمپ لە سعودیە چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کەوت. لە هەڤپەیڤینەکە شەرعی بە کەسێکی "قۆز و بەهێز" ناوبرد و گوتی، پێشینەی تاوانی هەیە، بەڵام "توانای گۆڕانکاریشی هەیە."
 
جەنگی ئیسرائیل و حەماس
 
لەبارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ترەمپ هاوسۆزیی خۆی بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەربڕی و هێرشەکەی حەماسی لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 وەک "ساتێکی چارەنووسساز" ناوبرد. 
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ئەوە یەکێک بوو لە تووندوتیژترین رۆژەکانی مێژووی جیهان"، پێی وابوو هێرشەکە هیچ کات لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەودا رووی نەدەدا، ئەوەش "بەهۆی ئەو بەربەستانەی لەسەر ئێران هەبوون."
 
ترەمپ غەززەی بە "شوێنێکی سەر بەکێشە" ناوبرد کە "مێژووی تووندوتیژی زۆری هەیە" و پێشنیازی کرد ببێتە "ناوچەیەکی ئازاد". دانیشی بە ئاڵۆزیی دۆخەکەدا نا و ئاماژەی بە تووڕەیی نەتەنیاهووش کرد، بەڵام باسی "خۆڕاگری"ـی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیشی کرد.
 
وەکو سەرۆکی ئەمریکا باسی لێوەکرد، "رووداوەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 نەتەنیاهووی ئازار داوە، بەڵام بە تووندی و ئازایەتی شەڕی کردووە." ترەمپ بە متمانەوە گوتی، ململانێکە لە کۆتاییدا "چارەسەر" دەبێت، ئەوەش رەنگە بە بەشداریی هاوپەیمانە دەوڵەمەندەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکا، "ئەوان بە تەواوی بەشێک دەبن لە چارەسەرەکە."
 
ترەمپ باسی لە قەیرانی مرۆییش لە غەززە کرد و گوتی، سەرکردەیەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوای لێکردووە یارمەتیی دانیشتووانی فەلەستینی "برسی" بدات. ترەمپ گوتی، "ئەو بە دڵ ئەوەی گوت"، ئاماژەی بەوەدا کە دەستی بە کار بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ کەمکردنەوەی قوربانی و زیانەکان کردووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی نەدا.
 
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا
 
جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا بووەتە جێگەی سەرنج. ترەمپ ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەردەوامیی جەنگەکە و ئەو بارگرانییە داراییەی کەوتووەتە سەر ئەمریکا، دەربڕی. 
 
ترەمپ گوتی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا "هەرگیز ئەوەی نەدەکرد" ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمریکا بووایە، ئاماژەی بە سیاسەتەکانی خولی یەکەمی خۆی کرد کە پووتینی "کۆنترۆڵ" کردبوو. 
 
ترەمپ رەخنەی لە ئیدارەی بایدن گرت کە رێگەی دا نرخی نەوت لە 65 دۆلارەوە بۆ 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبێتەوە، کە بەهۆیەوە "رووسیا دەوڵەمەند بوو و جەنگەکەی خۆش کرد و پووتین لەو ماوەیەدا سامانێکی زۆری پەیدا کرد."
 
ترەمپ پێی وایە کە پووتین "ماندووە" لە جەنگەکە و "دۆخی باش نییە" و جەختی لە پەیوەندییە تایبەتەکەی لەگەڵ پووتین کردەوە و رایگەیاند، "پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ پووتین هەیە. پێم وایە رێککەوتنێک دەکەین،" بەڵام ئاماژەی بەوەشدا کە ئامادەیە گوشارەکان زیاتر بکات ئەگەر پێویست بکات و گوتی، "ئەگەر نەوت لە [رووسیا] بکڕیت، ناتوانیت لەگەڵ ئەمریکا کار بکەیت."
 
ترەمپ رەخنەی لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گرت و بە "گەورەترین فرۆشیاری جیهان" ناوی برد، ئەوەش بۆ مسۆگەرکردنی ملیاران دۆلاری هاوکارییەکانی ئەمریکا.
 
ترەمپ نیگەرانیی خۆی لەو "350 ملیار دۆلارە" دەربڕی کە ئەمریکا بۆ ئۆکراینای خەرجکردووە، لەبەرامبەردا ئەورووپا "تەنیا 100" ملیاری خەرجکردووە؛ گوتیشی، "ئەو پارەیە بەبێ لێپێچینەوە بەفیڕۆ دەچێت."
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای رووسیا بەهێزترە و ئۆکراینا "هیچ کارتێکی نییە"؛ پێشنیازی "کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ"ی هەردوو سەرۆکەکەی کرد و لەبارەی ئاشتی و ئاگربەستیش گوتی، "من تاکە کەسم کە دەتوانم ئەوە بکەم."
 
چین؛ خۆلادان لە رووخانی ئابووری و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان
 
ترەمپ گفتوگۆ نوێیەکانی لەگەڵ چین بە "سەرکەوتنێکی یەکلاییکەرەوە" ناوبرد و باسی ئەو "رێککەوتن"ـەی کرد بەم دواییە لەنێوان وڵاتەکەی و چین کرا و گوتی، "بازاڕ دڵی بە دۆخی چین و دانیشتن لەگەڵ وەزیری گەنجینەی ئەمریکا خۆشبوو." ترەمپ بە متمانەوە گوتی، دیپلۆماسییەتی ئەو بووە هۆی رێگریکردن لە قەیرانێک کە دەکرا "کاریگەرییەکی گەورەی جیهانی هەبوایە."
 
ترەمپ گوتی، ستراتیژییەتی ئەو بووەتە هۆی ئەوە وڵاتە گرنگەکان "ببنە هاوپەیمانی ئەمریکا" و رایگەیاند، "بایدن پاڵی بەو وڵاتانە دەنا بۆ ئەوەی لەگەڵ چین یەکبگرن و رێککەوتنی وزە بکەن."
 
هیندستان - پاکستان؛ خۆپاراستن لە کارەساتێکی ئەتۆمی
 
ترەمپ باسی لە رۆڵی ئیدارەکەی لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان کرد، دوو دەوڵەتی خاوەن چەکی ئەتۆمی کە لە لێواری ململانێدا بوون.
 
ترەمپ گوتی، "تەلەفۆنم بۆ دوو زلهێزی ئەتۆمی کرد، هیندستان و پاکستان، وام لێکردن لە لێواری [جەنگ] پاشەکشە بکەن." بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، ئەو دوو وڵاتە توانییان لە رێگەی دیپلۆماسیی راستەوخۆوە خۆیان لە "کارەساتی ئەتۆمی" لابدەن.
 
ترەمپ "بازرگانی" وەکو ئامرازێکی سەرەکی دەستنیشانکرد، ئاماژەی بەوەدا هەردوو وڵات حەز دەکەن پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا فراوانتر بکەن.
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هیندستان ئامادەیە "100%" پێناسە گومرگییەکانی سەر ئەمریکا کەم بکاتەوە، ئەوەش هەنگاوێکە ئەو پلانی هەیە بە "شێوەیەکی ستراتیژی" بەدوایدا بچێت.
 
ترەمپ ستایشی پاکستانیشی کرد و خەڵکەکەی بە "بلیمەت" ناوبرد و هیوای خواست بازرگانیی نێوانیان زیاد بکات و گوتی، "ئەوان بەرهەمی ناوازە دروست دەکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت