بەلەمێکی کۆچبەران لە نێو دەریادا ئاگری گرت و 50 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

17-09-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ بڵاویکردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە رۆژهەڵاتی کەناراوەکانی لیبیا ئاگری گرت و بەهۆیەوە لانیکەم 50 کۆچبەر گیانیان لە دەست دا. 
 
رۆژی چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، گوتەبێژێکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ رایگەیاند، بەلەمەکە 75 کۆچبەری تێدابووە، بەرەو یۆنان دەچوو، بەڵام لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا ئاگری گرت.
 
رووداوەکە رۆژی یەکشەممە روویداوە، بەهۆیەوە 50 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، کە سەرجەمیان سوودانین.
 
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، توانیویانە 24 کۆچبەر لەوانەی لە بەلەمەکەدا بوون رزگاربکەن. رێکخراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە رێکاری پێویست بۆ رێگری لەو "رووداوە تراژیدییانە" بگیرێتەبەر. 
 
رێکخراوەکە دەڵێت، مانگی رابردوو سێ خوشک لە کاتی هەوڵدانیان بۆ چوونە ئەورووپا لە کەناراوەکانی لیبیا بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا. 
 
هەروەها، هەمان مانگ بەهۆی ژێر ئاوکەوتنی دوو بەلەم لە نزیک دوورگەی لامپیدوزای ئیتاڵیادا 27 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە