رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا کە سنووردارکردنی چوونە ناوەوەی ئەمریکا بەسەر هاووڵاتییانی سووریا و 4 وڵاتی دیکە جێبەجێ بکات.
بەگوێرەى بڕیارەکە، ئەم وڵاتانە کەموکورتیی جیدییان لە پشکنین، وردبینی و ئاڵوگۆڕی زانیاریدا هەیە. ئەو وڵاتانە بریتین لە بورکینا فاسۆ، مالی، نەیجەر، سوودانی باشوور و سووریا.
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە "سووریا دەسەڵاتێکی ناوەندیی گونجاوی نییە بۆ دەرکردنی پاسپۆرت و بەڵگەنامە مەدەنییەکان، هەروەها رێکاری وردبینی و پشکنینی گونجاوی نییە. بەگوێرەی راپۆرتی مانەوەی زیاتر لە وادەی دیاریکراو، مانەوەی هاووڵاتییانی سووریا لەدوای بەسەرچوونی ڤیزەی جۆری B1/B2 گەیشتووەتە سەدا 9.34%".
بڕیارەکە سنووردارکردنی تەواوەتیی چوونە ناو ئەمریکا لەسەر هاووڵاتییانی 12 وڵات دەهێڵێتەوە کە پێشتر وەک وڵاتی مەترسیدار دەستنیشانکرابوون، ئەوانیش ئەفغانستان، میانمار، چاد، کۆماری کۆنگۆ، گینێی ئیستوایی، ئەریتریا، هایتی، ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سوودان و یەمەنن.
هەروەها بڕیارەکە سنووردارکردنی تەواوەتی دەسەپێنێت بەسەر هەڵگرانی بەڵگەنامەی گەشتکردن کە لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینییەوە دەرکراون.
بەگوێرەی ئەمریکا، رێکارەکان لەسەر بنەمای نوێترین هەڵسەنگاندنن کە کێشەی بەردەوام نیشان دەدەن، وەک تۆماری مەدەنی، رێژەی بەرزی مانەوەی نایاسایی دوای بەسەرچوونی ڤیزە، رەتکردنەوەی وەرگرتنەوەی هاووڵاتییانی دیپۆرتکراو، نەبوونی ئاڵوگۆڕی داتاکانی جێبەجێکردنی ياسا و مەترسییە ئەمنییەکانی پەیوەست بە تیرۆر یان ناسەقامگیری.
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکەى بۆ بەهێزکردنی سنووردارکردنی گەشتکردن کە لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا جێبەجێی کرد.
ئیدارەی ئەمریکا دەڵێ: "مەبەست لە سنووردارکردنەکان گوشارخستنە سەر حکومەتە بیانییەکانە بۆ بەهێزکردنی رێکارەکانی وردبینی هاووڵاتییانیان و هاوکات رێگریکردنە لە هاتنە ناوەوەی ئەو کەسانەی کە ناتوانرێ بە شێوەیەکی گونجاو پشکنینیان بۆ بکرێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ